بەهۆی فشاری زۆری جەماوەرەوە بڕیاری کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران هەڵوەشێنرایەوە
نوچەنێت.ههولێر:
دواى ئەوەی ناڕەزایەتییەکی گەورە لە ئاستی جەماوەری دروست بوە سەبارەت بە بڕیاری کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ئەندامانی پەرلەمان،لە ژێر ئەو فشارە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان،لە بەیاننامەیەكدا كەوێنەیەكی دەست(نوچەنێت كەوتوە،رایدەگەێنێت: بەو پێیەی سەرجەم دەسەڵاتەکانی هەرێم دەبێت گوێ لە خەڵکی کوردستان بگرن، بەتایبەت پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەرایەتییان دەکات، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان بڕیارماندا کە ئەم پڕۆسەیە هەڵبوەشێنینەوە.
ئەمەی خوارەوەش دەقی بەیاننامەكەیە:
بەیاننامەیەک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە
چەند ڕۆژێکە ناڕەزایەتییەکی گەورە لە ئاستی جەماوەری دروست بوە سەبارەت بە بڕیاری کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەی قیست لەسەر موچەکەیان و، هەندێکیش ئەم مەسەلەیان قۆستووەتەوە بۆ هێرشێکی ناڕەوا بۆ سەر پەرلەمانی کوردستان. ئێمە کاتێک ئەم بڕیارەماندا، بۆ کۆتایی هێنان بوو بەو عورفەی هەر ئەندامێکی پەرلەمان و وەزیر و ڕاوێژکارێک ئۆتۆمبێلی بۆ بکڕێت لەسەر حسابی بودجەی گشتی و، بۆ ئەوە بوو پارەی ئۆتۆمبێل و بەنزین و سیانەی لەسەر حیسابی ئەو کەسە بێت کە خۆی دەیکڕێت، نەک لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان و، ئەمەش نەبێتە بەهەدەردانی سامانی گشتی. بەڵام لەبەر ئەوەی بەم شێوەیەش هێشتا جێگەی ناڕەزایی بەشێکی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و بەو پێیەی سەرجەم دەسەڵاتەکانی هەرێم دەبێت گوێ لە خەڵکی کوردستان بگرن، بەتایبەت پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەرایەتییان دەکات، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان بڕیارماندا کە ئەم پڕۆسەیە هەڵبوەشێنینەوە، سەرەڕای ئەوەی هەمو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە بڕیاری پێشوومان هیچ بەهەدەردانێکی سامانی گشتی تێدا نەبوو.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
٢٨-١٢-٢٠١٤