ئابووری ئێران لەسایەی داواكارییە ناكۆتاكانی پاسداراندا
نوچەنێت- ئەلعەرەبی جەدید
نووسینی عەدلی سادق، شرۆڤەكاری سیاسی بەناوبانگی عەرەب و دیپلۆماتكاری فەلەستینی
هاوتەریب لەگەڵ پرۆژە سیاسیەكەی ، ئابووری ئێران توشی ناهەمواری زۆر بوەتەوە، گرنگترین و ترسناكترینیان ئەوەیە كە لە بیرو هۆشی گەلەكەیدا هەستی تێكشكان و داخرانی گشت ئاسۆكانی دروست كردوە، هەر ئەمەش بوەتە هۆی گەشەكردنی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی ئۆپۆزسیۆن.
كاتێك بودجەی ساڵ لاواز دەبێت و كەمدەهێنێت، هەڵاوسان دروست دەبێت، لە هەمان كاتدا بەشێكی گەورەی دارایی بۆ تێچوونەكانی پرۆژەی ئیمپراتۆری لە دەرەوەی وڵات ، خەرج دەكرێت.بەمەش هەستی رەشبینی لای ئێرانیەكان زیاتر گەورە دەبێت، كاتێك رۆژئاوا سزا ئابووریەكانی خستە سەر ئێران ئەو وڵاتە نەیتوانی هیچ بكات جگە لە توندوتۆَڵكردنەوەی رێوشوێنە ئەمنیەكان بۆ رێگەگرتن لە هەر پشێویەك و كەمكردنەوەی بەرچاوی بودجە.
هاوڵاتیانیش جگە لە سندوقەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هیچی تریان شك نەدەبرد بۆ ئەوەی ناڕازیبوونی خۆیان دەرببڕن بەرامبەر توندڕەوی فیكری و هەڵبژاردنی پاڵێوراوێك كە شێوەیەكی رێژەیی دادپەروەتر بێت.
لە باكگراوندی وێنەكەدا دەردەكەوێت كە سیاسەتی دەوڵەت گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتوە، بەڵام بە رواڵەت هەل بۆ سەرۆكایەتی رەخسێنراوە كە راستەخۆ بەشداری پرۆسەی دانوستانە ماندوكەرەكان بكات بۆ لابردنی سزاكانی سەر ئێران و ئازاد كردنی یەدەگی دراوی ئەو وڵاتە لە دەرەوە كە بە (110 ملیار دۆلار) مەزەندە دەكرێت، بەڵام لایەنەكەی تری دانوستانەكان سورە لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی راستەقینە و جەوهەری لەبارەی دۆسێی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، كە ئەمەیان حكومەتی رووحانی ناتوانێت پێشكەشی رۆژئاوای بكات لەبەر ئەوەی هیچ یەكێك لە بابەتە ستراتیژییەكانی دەوڵەت یەكلا ناكاتەوە.
حكومەت تەنانەت ناتوانێت گۆڕانكاری و تازە كردنەوە لە پەیكەری ئابووری ئێراندا بكات چ جای بتوانێت گۆڕانكاری لەبارەی دۆسێی ئەتۆمی بكات.
“پاسدارانی ئێران ” كۆنترۆڵی سێ لەسەر چواری ئابووری وڵاتی كردوە، لە رێگەی نزیكەی 100 كۆمپانیای قۆرخكارەوە، گرینگترینیان ئەو كۆمپانیایەیە كە وەزارەتی پترۆڵ چەندین گرێبەستی لەگەڵكردوە و بەڵێنی پێدانی ملیاران دۆلاری پێداوە.
“سوپای پاسداران” لە داواكردنی داهاتی زیاتر ناوەستێت سەرەڕای ئەو گرێبەستە گەورانە، بە هۆی ئەوەی كۆنترۆڵی سنورەكانی ئێران دەكات رێگەی بەخۆی داوە كار لە بەقاچاخ بردنی نەوت و خواردەمەنیدا بكات بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو بە شێوەیەك كە سیستم و بەڕێوەبردنی تایبەتی خۆی هەیە، بەمەش ساڵانە خەزێنەی ئێران بێبەش دەكات لە چەندین ملیار دۆلار .
بەهۆی رۆڵی “سوپای پاسداران” و هاوشێوەكانی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا ، كە سوپا دەستدەگرێت بەسەر بەشێكی گەورەی ئابووری دەوڵەتدا، گەلەكانیان هیوابڕاو دەكەن و لەبری ئازادی و گەشەكردن و دادپەروەری توشی تێكشكان و دواكەوتویی و داڕمان دەبن .