فازڵ میرانی،وهڵامی سەڵاحەددین دەمیرتاش و جەمیل بایك دهداتهوه
پێشمەرگە بە تەنیا نەبووە لە بەرگری و هێرشكردنەسەر داعش
نوچەنێت.ههولێر:
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی،وهڵامی سەڵاحەددین دەمیرتاش و جەمیل بایك دهداتهوهو دهڵێت،وشەی “دەبێت” لەلایەن كەسانێكەوە بەكار دێت ئەگەر ئەو كەسانە عەرەب بن و بڕیار لەسەر چارەنووسی كوردێك بدەن نەك كەسێك لێدوانی وا بدات كە شۆڕشگێر بێت.
فازڵ میرانی،سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند”تاكو داعش لە عێراق وەدەر نەنرێت،ناكرێ بگوترێ مەترسی نەماوە،هەرچەندە داعش جگە لە شنگال لە هەموو كوردستان وەدەر نراوە،بەڵام هەرچۆنێك بێت جارێ تیرۆریستان دراوسێی ئێمەن“.
دەشڵێت”پێشمەرگە بە تەنیا نەبووە لە بەرگری و هێرشكردنەسەر داعش و هەڵوێستی خەڵكی كوردستان لە پشتیوانیكردن و بەرزكردنەوەی ورەی هێزەكانی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنین“.
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان،بۆ كوردستان تی ڤی لە وەڵامی ئەو لێدوانەی كە (سەڵاحەددین دەمیرتاش) پێوەست بە شنگال دای،وتی”ئێمە وامان زانیوە كە ناوبراو لە گوتەكانی پەشیمان بووەتەوە، هەروەها پرسی شنگال لە دەست خودی ئێزدی و شنگالییەكانە و جگە لەوەیش سیستەمی كانتۆن لە وڵاتێكی وەكو عێراق نییە و نەبووە، لەبەر ئەوە ئەو بابەتە پەیوەستە بە عێراق و هەرێمی كوردستان و لە پێشەوەی هەموویشیان لە دەست خەڵكی ئەو ناوچەیە خۆیەتی كە چۆن بریاری خۆیان دەدەن“.
سەبارەت بە قسەكانی (جەمیل بایك)ـیش كە رایگەیاندبوو دەبێت عێراق بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە،فازڵ میرانی دەڵێت”جارێ پێویستە ئەوە بزانین وشەی “دەبێت” لەلایەن كەسانێكەوە بەكار دێت ئەگەر ئەو كەسانە عەرەب بن و بڕیار لەسەر چارەنووسی كوردێك بدەن نەك كەسێك لێدوانی وا بدات كە شۆڕشگێر بێت و خەباتی لە پێناوی ئازادیی چوار پارچەی كوردستاندا كردبێت، جگە لەوەیش خەڵكی هەرێمی كوردستان یان عێراقییەكان بڕیار دەدەن كە چۆن لەگەڵ یەكتر دەژین نەك كەسێك كە هیچ پەیوەندییەكی بەو وڵاتەوە نییە“.