مامۆستایەكی مۆسیقای بە رەگەز بەریتانی كچان دەباتە ناو ریزەكانی داعشەوە
نوچەنێت- ئەلعەرەبیە
دەركەوت كە ژنێكی بەریتانی كە مامۆستای مۆسیقایە لەجیاتی راهێنانی فێرخوازەكانی لەسەر ژەنینی گیتار و فێركردنی مۆسیقا دەیانباتە ناو ریزەكانی داعشەوە بۆ شەڕكردن لە سوریاو عێراق و هاوسەرگیری كردن لەگەڵ چەكدارەكان.
بەپێی ئەو چیرۆكە مەترسیدارەی رۆژنامەی “سەندەی تایمز” بڵاوی كردۆتەوە “سالی جۆنز” كە ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ عائیشە چەند ئەكاونتێكی لەسەر ئینتەرنێت كردۆتەوە وای پیشانداوە كە تەمەنی 17 ساڵە بە ئامانجی راكێشانی كچە هەرزەكارەكان سەرنجڕاكێشانیان بۆ ناو ریزەكانی داعش .
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی توانیویەتی دوای سێ مانگ لە لێكۆڵینەوە لە ئەكاونت و چالاكیەكانی داعش لەسەر ئینتەرنێت چیرۆكی مامۆستای مۆسیقاكە ئاشكرا بكات.
جۆنز بەو كچانەی كە دەیەوێت بیانهێنێتە ناو ریزەكانی داعشەوە دەڵێت ” سەفەر كردن بۆ سوریا و چونە ناو ریزەكانی داعش دەبێتە هۆی سڕینەوەی سەرجەم تاوانەكانیان ” هەروەها بەڵێنی ژیانێكی باشتریان پێدەدات لە سوریا و بەڵێنی دابین كردنی پارەی تەواوی سەفەرەكەیان بۆ دەوڵەتی خەلافەت كە داعش لە سوریاو عێراق رایگەیاندوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی رۆژنامە بەریتانیەكە دەستیكەوتوە جۆنز تەمەنی 45 ساڵە و بە رەچەڵەك خەڵكی كینتە لە ناوەڕستی بەریتانیا، لەگەڵ منداڵەكەی “جۆجۆ” شارەكەی بەجێهێشتوە و چوەتە ناو ریزەكانی داعش لە سوریا، هاوسەرگیری لەگەڵ گەنجێكی بەریتانی خەڵكی شاری بێرمینگهام كردوە، لە سوریا ناوەكەی گۆڕاوە بۆ “سەكینە حسین” و منداڵەكەشی بوە بە “حەمزە” ، بەڵام ناوی عائیشەی لە ئەكاونتەكانی ئینتەرنێتدا بەكارهێناوە.
جۆنز لە تویتێكدا لەسەر تویتەر نوسیویەتی ” دواجار ئەگەر موسڵمان بیت ئەوە پێویستە لە رێگەی خوادا خاكی كافران بەجێبهێڵیت ئەگەر توانیت”
جۆنز بەمشێوەیە وەسفی ژیان دەكات لە سوریا لەناو ریزەكانی داعش ” ئێرە زۆر خۆشە و زۆر گرنگیت پێدەدەن و هەرگیز پێویستت بە پارە نابێت و ژیانێكی خۆش دەژی، ئەگەر بتەوێت هاوسەرگیری بكەیت و ماڵێكت هەبێت ئەوا زۆر ئاسانە ، لێرە پیاو زۆرە”
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیامنێری “تایمز” دەستیكەوتون ئەوەیە كە داعش پارە بۆ ئەو كوڕ و كچە گەنجانە دەنێرێت كە دەیانەوێت بێنە سوریا لە ڕێگەی حەواڵە كردنی راستەوخۆی دوور لە رێوشوێنەكانی بانك، وتەبێژی كۆمپانیای “وێسترن یونیەن” رایگەیاند كە ئەوان چاودێری وردی سەرجەم ئەو حەواڵانە دەكات كە لە سوریا و عێراقەوە دێن یان دەنێررێن بۆ رێگە گرتن لە هەر چالاكیەكی نایاسایی.
وتەبێژەكە وتی ” خەڵك لەو ناوچانە پێویستیان بە خزمەتگوزاریەكانی ئێمە هەیە بۆ مەبەستە مرۆییەكان ، هەر ئەمەشە هۆكاری بەردەوامبوونی چالاكیەكانمان لەوێ لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی زۆر لە بریكارەكانمان لە كارخستون لەو ناوچانەی داعش داگیری كردوون ئێستا”