یەكگرتوو بۆ وەزیری پێشمەرگە: سنورێك بۆ دیاردەی بە حزبی كردنی دەستكەوتەكانی پێشمەرگە دانێ

0

یەكگرتوو بۆ وەزیری پێشمەرگە: سنورێك بۆ دیاردەی بە حیزبی كردنی دەستكەوتەكانی پێشمەرگە دانێwazer

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی بەپەلە بۆ وەزیری پێشمەرگە دەنێرێت و داواكارە سنورێك بۆ دیاردەی بە حیزبی كردنی دەستكەوتەكانی پێشمەرگە و بە پاڵەوان كردنی بەرپرسە حیزبیەكان بهێنرێت.

لە پەیامەكەدا هاتووە”چاوەڕوانی ئەوە بووین پەند و وانەمان وەرگرتبێت لە دەرەنجامەكانی شەڕە پەڕۆ و بە حیزبی كردنی بۆنە و دامەزراوەكان و بەرەو یەكخستن و بە دامەزراوەكردنی هێزەكانی پێشمەرگە بڕۆین لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەڵام بەداخەوە گوێمان لە موزایەدە و بە حیزبی كردنی سەركەوتن و دەستكەوتەكانی پێشمەرگە دەبێت،ئەمە لە كاتێككدایە هیچ لایەنێك خۆی بە خاوەنی شكستەكان نازانێت بەڵام سەركەوتنەكان كە بە گیانی بەنرخی پێشمەرگە بە دەست دەهێنرێت، جارێكی تر ئاڵای حیزبی بەرز دەكرێتەوە و سەركردە حیزبیەكان خۆیان دەكەنەوە بە پاڵەوان”.

هەروەك هاتووە”بە حوكمی بەرپرسیاریەتی مێژوویی و هەستیاری پۆستەكەتان، سنورێك بۆ ئەم دیاردە نەشیاوە دابنێن و دەبێت تەنها و تەنها وەزارەتی پێشمەرگە خاوەنی بڕیار و هەڵوێستی پێشمەرگە بێت لەم بابەتانەدا”.

ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

پەیامێكی بەپەلە بۆ بەڕێز وەزیری پێشمەرگە

بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

وێڕای پیرۆزبایی گەرممان لە بەڕێزتان و یەكە بە یەكەی فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەكان، كە چەند ڕۆژێكە لە سەنگەرە جیاوازەكانی جەنگ و بەتایبەت لە بەرەكانی شنگال ، هەموو لایەكمانی خۆشحاڵ و شادمان كرد.

هەمووان بە گەشبینیەوە دەمان ڕوانیە هاوهەڵوێستی و یەك دەنگی گەلی كورد و لایەنە سیاسیەكان، بە رامبەر بە مەترسیەكان و بەتایبەت یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كوبانێ ، چاوەڕوانی ئەوە بووین پەند و وانەمان وەرگرتبێت لە دەرەنجامەكانی شەڕە پەڕۆ و بە حیزبی كردنی بۆنە و دامەزراوەكان و بەرەو یەكخستن و بە دامەزراوەكردنی هێزەكانی پێشمەرگە بڕۆین لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەڵام بەداخەوە گوێمان لە موزایەدە و بە حیزبی كردنی سەركەوتن و دەستكەوتەكانی پێشمەرگە دەبێت، ئەمە لە كاتێككدایە هیچ لایەنێك خۆی بە خاوەنی شكستەكان نازانێت بەڵام سەركەوتنەكان كە بە گیانی بەنرخی پێشمەرگە بە دەست دەهێنرێت، جارێكی تر ئاڵای حیزبی بەرز دەكرێتەوە و سەركردە حیزبیەكان خۆیان دەكەنەوە بە پاڵەوان و لێدوانی دژ بە یەك و بەهیچ كردنی ئەوی تر دەدەن.

دەپرسم… كوا ڕۆڵ و چەتر و هەژموونی وەزارەتی پێشمەرگە، تا كەی ڕێگە دەدەن درز و كەلێنەكان گەورە تر بن و دواتریش دڵساردی بۆ پێشمەرگە قارەمانەكانمان دروست ببێت.

بە حوكمی بەرپرسیاریەتی مێژوویی و هەستیاری پۆستەكەتان، سنورێك بۆ ئەم دیاردە نەشیاوە دابنێن و دەبێت تەنها و تەنها وەزارەتی پێشمەرگە خاوەنی بڕیار و هەڵوێستی پێشمەرگە بێت لەم بابەتانەدا.

بۆیە داواكارین لانی كەمی هەنگاون نان بۆ دروشمی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و دوو ئیدارەیی، فرە گوتاری لە وەزارەتی پێشمەرگە و بەرەكانی جەنگدانەهێڵرێت و یەك بخرێت و بە حیزبی نەكردنی سەركەوتنەكان بكرێتە یەكەم هەنگاو.

درود بۆ ڕۆحی پێشمەرگە شەهیدەكان، سڵاو ڕێز بۆ قارەمانێت و گیان فیدایی پێشمەرگەكانی سەنگەری بەرگری.

ئەبوبەكر هەڵەدنی

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو- پەرلەمانی كوردستان

21/12/2014

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com