دوای ئه‌زمونیان له‌گه‌ڵ گۆڕان ئیسلامییه‌كان متمانه‌یان به‌پارتیش نه‌ماوه‌

0

islamy44ئیسلامییەكان لە نزیك بونەوەیان لەحیزبەكانی تر جگە لە زیان هیچ قازانجێكمان نەكردوە“

ئایا حزبه‌ ئیسلامییه‌كان چ وانه‌یه‌كیان له‌ یه‌كێتی و گۆڕان وه‌رگرتووه‌؟

دڵشادهه‌رته‌لی.تایبەت به‌نوچه‌نێت:
دوای ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كیتی بۆ حكومه‌تی خۆجێ شاری سلێمانی و بێبەشكردنی ئیسلامییەكان، پارتی ده‌یه‌وێت ئەو درەفەتە بقۆزێتەوەو ئیسلامیه‌كان له‌ گۆڕان و یه‌كیتی دوربخاته‌وه‌ و لە خۆی نزیكیان بكاتەوە،بزووتنەوەی ئیسلامی بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەنیە و یەكگرتووش دەڵێت هیچ پێشنیاری وامان بۆ نەهاتووە و كۆمەڵی ئیسلامیش رایدەگەێنێت،ئەوان لە پارتی دورنین تا نزیك ببنەوە.

یەكگرتوو:”ئێمە هیچ پێشنیاری وامان بۆ نەهاتووە“.
فەرهاد مەلا سالح،ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت وتی”بەبۆچونی ئێمە لەم قۆناغەدا بەتایبەتی ئەم شەرە نەگریسەی داعش بەرۆكی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستانی گرتووە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەیەكتر نزیك ببنەوە، یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ئەو مەبەستە هەموو هەنگاو سیاسەت و تێڕوانینەكانی خۆی چڕكردوەتەوە بۆ گەیشتن بە نزیك بونەوەی لایەنەكان،خۆشبەختانە لە رابردوودا بیرۆكەی حكومەتی بنكە فراوان سەری گرت لەهەرێمی كوردستان، دوای بەشداری كردنی كورد هەموو پێكەوە لە بەرامبەر حكومەتی بەغدا،دواتریش هەموومان بەیەكەوە بەهەمان شێوە ئێستا لە بیری ئەوەداین بەشداری حكومەتە خۆجێیەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی بكەین لەهەڵەبجەش بەهەمان شێوە،دیارە ئەمە سیاسەتی بنەڕەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە“.

ناوبراو وتیشی”ئێمە لەم قۆناغە كەبەلای هەموومانەوە جێگای سەرسوڕمان بوو ئەو هەنگاوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی بوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێ پارێزگای سلێمانی،سەرەتا پێشوازیمان لێكرد،بەڵام دواتر هەموو جومەگانیان لەدەسەڵاتی خۆجێ سلێمانی دابەشكرد بێ گەڕانەوە بۆ لایەنەكان و بیرۆكەی فیفتی بەفیفتی ساڵی 1992 پەیڕەوكرد،ئەمەش هەنگاوێكی خراپە و هیوادارین هەردوولایان بەم بڕیارەیاندا بچنەوەو بتوانن بەپێ ئیستیحقاقی هەڵبژاردن سەرجەم هەموولایەنەكان بەشداربن بەلیستی خزمەت و پارتیش لە سلێمانی“.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی ئاشكراشی كرد”ئێمە هیچ پێشنیاری وامان بۆ نەهاتووە كە لەپارتی نزیك ببینەوە“.

بزووتنەوە:” ئیسلامییەكان لە نزیك بونەوەیان لەحیزبەكانی تر جگە لە زیان هیچ قازانجێكمان نەكردوە“.
هەر لەوبارەیەوە د.شوان قەڵادزەیی،ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان،لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت رایگەیاند”هیچ شتێك دادی ئیسلامییەكان نادات جگە لە یەكخستن و یەكریزی نێوماڵی خۆیان نەبێت،لە سلێمانی لیستی خزمەت پێویست بوو خاوەن هەڵوێست بوایە، ئەو پڕۆژەیەی كەپێشكەشی كرد دوو ساڵ بە دوو ساڵ،بەڵام وتی مەرجە كە دوو ساڵی یەكەم گۆڕان بێت،بەڵام دوای خۆیان لێبێدەنگ كرد،ئەمە لەلایەن جەماوەری كورد بەگشتی و ئیسلامییەكان بەتایبەتی بێ هەڵوێستی و لەرۆزكی و لاوازی لیستی خزمەت و ئیسلامییەكانیشی بەگشتی نیشان دا“.ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاشكراشی كرد”ئێمە لە رابردوودا وەكو ئیسلامییەكان لە نزیك بونەوەمان لە حیزبەكانی تر وەكو كۆمەڵ و یەكگرتوو لەلیستی چاكسازی و بزووتنەوەی ئیسلامیش بەهەمان شێوە لەكابینەی پێشوو جگە لەزەرەر و زیان هیچ قازانجێكمان نەكرد“.

قەڵادزەیی،لەسەر ئەوە نمونەیەكی هێنایەوەو وتی”هاتنی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ پەرلەمان رۆژی 18/12/2014 كە سەر بەكۆمەڵی ئیسلامییە، مەبەستم لەو نمونەیە ئەوەیە كە ئیسلامییەكان بزانن كێ دۆستایانە و كێش پیلانیان لە دژ دەگێڕێت. یەكەم جارە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی پەرلەمان بخاتە رۆژی پێنج شەممەوە،عادەتەن سێ شەممە و چوارشەمانە، لـەكۆی 111 پەرلەمانتــار تەنها ٥٨ یــان ئامــادەبوون لەدانیشتنی سەلەبەیانی، دوای نیوەڕۆ كە كۆبونەوە دەستی پێكردوە ژمارەی ئەندامان هێندە كەم بوو بۆیەكەم جارە لە خولی چوارەم دانیشتنێك نیصابی قانونی تەواو نەكات لەبەر ئەوە سەرۆكایەتی پەرلەمان دانیشتنەكەی كۆتایی پێهێنا،هەروەها كاتێك وەزیری كشتوكاڵ راپۆرتەكەی پێشەكەشكرد،دوای تەواوبوونەكەی لەلایەن سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان کە گۆرانە وەڵامێكی زۆر توندی وەزیر و ڕاپۆرتەکەی درایەوە،دانیشتنەكەش كۆتایی پێهێنرا پێش ئەوەی وەزیر وەڵام بداتەوە،كە واتە ئەمە هەمووی جێگەی پرسیارە كێ دۆستی ئیسلامییەكانە و كێش پیلانیان لەدژ دەگێرێت،چونكە هەموو لایەنەكان لەگەڵ ئەوە بوون كە دانیشتنەكە كۆتایی پێبێت، ئایا ئەگەر وەزیرێکی ئیسلامی نەبووایە و وەزیرێکی فراکسیۆنی سەوز یا زەرد یان نیلی هاتبــایـە هـۆڵی پەرلەمان ئاوا چـۆڵ دەبــوو؟“.

ناوبراو وتیشی”پێویستە ئێمەی ئیسلامی بەخۆماندا بچینەوەو ناوماڵی خۆمان یەكخەین و شەق لەو پێگە لاواز و کورسیە لەرزۆکەی ئێستامان كە هەموومان لەسەرینی هەر سێ لایەنە ئیسلامیەكە هەڵدەین و ببینە یەك ناونیشان و یەك ئاڵاو یەك سەركردە و ئەوكاتە تێكرای خەڵكی كوردستان دڵخۆش دەبێت و ئێمە بەهیوا سەیر دەكات نەك وەكو ئێستا و هەرۆژە لەلایەن لایەك یاریمان پێدەكرێت“.

دكتۆر شوان قەڵادزەیی،هەر لە لێدوانەكەیدا بۆ نوچەنێت جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە لەلایەن پارتییەوە ئەو داواییەیان لێنەكراوەو وتی”ئێمە وەكو بزووتنەوەی ئیسلامی بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوە نین ئیسلامییەكان بەكاربهێنرێن لە دۆڵێكەوە دژی دۆڵێكی تر و لەمیحوەرێكەوە دژی میحوەرێكی تر،ئێمە لەگەڵ ئەوەداین بەپێ ئەزموونی رابردوو بەرژەوەندی باڵای ئیسلامییەكان لەیەك ریزی و یەك ناونیشانی دایە،لەوەدایە ماڵی خۆیان یەكبخەنەوەو چیتر نەبنە دامی داشە هەر رۆژێك لە شوێنێك یاریان پێبكرێت،ئێمە بەس خۆمان دۆستی خۆمانین باچیتر خەڵك بەكارمان نەهێنێت،ئەگەر ناشتوانین باچیتر خەڵكی ئیسلام خواز و خانەوادەی شەهدانیش شەرمەزار نەكەین“.

كۆمەڵ”لە پارتی دورنین تاوەكو داوامان لێبكەن نزیك ببینەوە“.
نازم عەبدوڵڵا،ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت رایدەگەیەنێت”ئێمە وەكو دوولاینە ئیسلامییەكە كۆمەڵ و یەكگرتوو كە لەسەر گۆڕەپانی كوردستان هەین،دۆستایەتی و تەبایی و تەفاهومان لەگەڵ هەموو لایەنەكان هەیە چ پارتی و چ یەكێتی و چ گۆڕان بێت،لە هەرێمی كوردستان چ لەبەرژەوەندی هەرێمەكەمان و خەڵك و میللەت و هەموو لایەكی تێدا بێت،ئێمە رەچاوی دەكەین“.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ راشیگەیاند”ئێمە پڕۆژەو بەرنامەی خۆمان تەبەنی دەكەین نەك لایەنی تر و پڕۆژە و بەرنامەی تێكدانی پەیوەندیشمان لەگەڵ هیچ لایەنێك نییە“.

وتیشی”ئێمە لەگەڵ یەكێتی گۆڕان پڕۆژەیەك بوو پێكەوە بووین و ئێستاش وەكو لیستی خزمەت لەگەڵ ئەو دوولایەنە لە گفتۆداین سەبارەت بەحكومەتە خۆجێیەكان و نا ئومێدیش نین و ئومێدمان وایە بگەینە ئەنجامێكی باش كە جێگەی رەزامەندی هەموو لایەك بێت“.

نازم عەبدوڵڵا ئاشکرا دەکات”نەپارتی و نەكەس داوای نزیك بوونەوەی لێنەكردون،چونكە هەموو لایەنەكان لەیەكتر نزیكین،لەگەڵ پارتیش دورنین تاوەكو داوامان لێبكەن نزیك ببینەوە چونكە پێكەوە حكومەتمان پێكهێناوەو كاك نێچیرڤان سەرۆكی حكومەتە،وەكو كۆمەڵ دوو وەزارەت و سێ پۆستمان هەیە لە ئاستی وەزارەت و یەكگرتوش هەیەتی،كەواتە ئێمە دورنین و پڕۆژەیەكی هاوبەش و تەفاهومێكی سیاسی و نیشتیمانی هاوبەشمان پێكەوە هەیە،لەلایەكی تریش عادز نەبووین تاوەكو لایەنێكی تر بمان گرێتە خۆی“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com