مەسروور بارزانی: پێشمەرگە گەییشتە سەر چیای شنگال، بارزانی خۆى سەرپەرشتی دەكات
نوچەنێت.ههولێر:
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند،هێزی پێشمەرگەی كوردستان گەییشتە سەر چیای شنگال و (بارزانی)خۆی سەرپەرشتی گشت ئۆپەراسیۆنەكان دەكات و700 كم چوارگۆشە خاكی كوردستان لەدەستی داعش ئازاد كراوە.
مەسروور بارزانی،راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان،لە پرێس كۆنفڕانسێكدا ئەم ئێوارەیە، رۆشنایی خستە سەر ئۆپۆراسیۆنەكەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی زوممار و شنگال، كە گورزی گەورەیان لە تیرۆریستانی داعش داوە و،پێشمەرگەش گەیشتەوەتە سەر چیای شنگال و وتيشى”(بارزانی)خۆی سەرپەرشتی گشت ئۆپەراسیۆنەكان دەكات“.
راشیگەیاند كە”چیتر تیرۆریستان ناتوانن رووبەڕووی پێشمەرگە ببنەوە و پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە و، سەركەوتنی گەورەتریش بە دەست دەهێنێت و توانراوە 700 كم چوارگۆشە خاكی كوردستان لە ژێر دەستی داعش ئازاد بكرێت“.
پێوەست بە گەیشتنی پێشمەرگە بە چیای شنگال،مەسروور بارزانی وتی”ئێستا پێشمەرگە لەسەر چیای شنگالە و ئامانجی ئێمەش گەیشتنی پێشمەرگە بوو بۆ سەر چیای شنگال،تا ئەو خەڵكەی لەوێ ماوون بە ئارەزووی خۆیان لەو شوێنانەی دەیانەوێ نیشتەجێ بكرێن و گەیشتنی پێشمەرگەش بە چیای شنگال ورەی دووژمنی روخاندووە“.
مەسروور بارزانی موژدەشی دا”كەبستێك لە خاكی كوردستان لە چنگی داعش ناهێڵین و هەمووی رزگار دەكەین و بەرنامەی دیكەشمان هەیە بۆ ئازادكردنی تەواوی خاكی كوردستان“.