” داوا ده‌كرێت سندوقی داهاته‌ نه‌وتییه‌كان سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وت نه‌بێت”

0

سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ له‌په‌رله‌مان: لە زۆرێك لە مودیلەكانی دونیا سندوقی داهاتە نەوتییەكان سەر بە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز نییه‌961477_822008507862604_871021705_n
نوچەنێت.تایبەت:
دوای ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ یاسای دامه‌زراندنی سه‌ندۆقی داهاته‌كانی نه‌وت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بیرورای جیاوازی له‌سه‌ر دروست ده‌بێت، سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ له‌په‌رله‌مان: لە زۆرێك لە مودیلەكانی دونیا سندوقی داهاتە نەوتییەكان سەر بە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز نییه‌.
پڕۆژه‌ یاسای دامەزراندنی سه‌ندوقی داهاته‌كانی نه‌وت ‌و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان،كێشە دەخاتە نێوان فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانەوەو یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو داوا دەكەن سندوقەكە سەر بەئەنجومەنی وەزیران بێت و پارتیش داوا دەكات سەر بەئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وت و گاز بێت و سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانیش دەڵێت حیزبەكان كارەكەیان راگرتون و گەر سندوقەكە سەر ئەنجومەنەكە بێت ئیمزای ناكات.

بەمەبەستی ‌بە دامه‌زراوه‌كردن و نیشتیمانی كردنی كه‌رتی نه‌وت‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و بوونی شەفافیەت لە پڕۆسەكە،لەدانیشتی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 25/11/20141 له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كەم بۆ هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاسای كۆمپانیای كوردستانی بۆ دۆزینه‌وه‌ ‌و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ‌و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان ‌و پڕۆژه‌ یاسای سه‌ندوقی داهاته‌كانی نه‌وت ‌و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان كران ‌و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كران بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتی كۆتایی خۆیان له‌ باره‌یانه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا بخرێنه‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنیان ‌و په‌سندكردنیان.

بەپێ‌ زانیارییەكانی(نوچەنێت)پڕۆژه‌ یاسای دامەزراندنی سه‌ندوقی داهاته‌كانی نه‌وت ‌و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان،كێشەی خستوەتە نێوان فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوەو یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو داوا دەكەن سندوقەكە سەر بەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بێت و پارتیش داوا دەكات سەر بە ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وت و گاز بێت كەئەنجومەنەكە پێكهاتوە لەسەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرانی دارایی و سامانە سروشتییەكان و پلان دانان.

لە سێیه‌مین كۆنفرانسی نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان دكتۆر شێركۆ جەودەت سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان لە پەرلەمانی كوردستان، وتەیەكی پێشكەش كرد و وتی”ئێمە لەمەسەلەی سندوقی نەوت و گاز رووبەرووی تەحەدای حەوت ساڵی رابردوو بوینەتەوە،سێ رۆژ لەمەوبەر قەناعەتی پەرلەمانتاران لەسەر تەواوكردنی كاری سندوقەكەكە بوو كەسەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بێت، بەڵام بەدەر لەقەناعەتی پەرلەمانتاران تەدەخول سیاسی لەكوتا لەحزەدا كارەكەی وەستاندین،لەوە بووین كە راپۆرتی كۆتایی بنووسن و رۆژی پێنج شەممە تەسلیمی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەین و بڵێن ئەوە قەناعەتی پەرلەمانتارانە“.

جەودەت لەبەشێكی تری قسەكانی راشیگەیاند”ئەگەر بتەوێت متمانە لە ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وت و گازی هەرێمی كوردستان بستێنیتەوە دەبێت متمانە لەسەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرانی پلان دانان و دارایی و سامانە سروشتییەكان بستێنیتەوە،سەندنەوەی متمانەش لە ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وت و گاز واتە هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان،واتە هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی بنكە فراوان،ئەو سیلاحە لەهەموو كاتێكدا بەرانبەر بەئێمە بەكار دەهێنرێت“.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ وسه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان وتیشی”ئێمە لێكۆڵینەوەمان كردوە لە زۆرێك لە مودیلەكانی دونیا باس لەوە نەكراوە سندوقی داهاتە نەوتییەكان سەر بە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز بێت“.

دكتۆر شێركۆ جەودەت كە لەهەمان كات پەرلەمانتار و ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە”تا ئێستا هەموو بەیاناتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەسەرۆكی حكومەت و وەزیری سامانە سروشتییەكانیشم وتوە لای ئێمە پەسەند نیینە تا تەوسیق نەكرێن،هەزار ساڵ بوترێت ئەوەندە نەوت فرۆشراوە من ناتوانم تەوسیقی بكەم چونكە جیهەتی سێیەم نییە بۆم پشت راست بكاتەوە كە 100 هەزار بەرمیل نەوت یان 900 هەزار بەرمیل ئینتاج كراوە ئەم كیشەیە بەم سندوقی نەوت و گازە چارەسەر دەكرێت“.

ناوبراو ئاشكراشی كرد”ئەگەر سندوقی داهاتی نەوت و گاز سەر بەئەنجومه‌نی باڵای نه‌وت و گاز بێت نەیكەین باشترەو خۆشم ئیمزا لەسەر یاساكە ناكەم وەكو سەرۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان لەپەرلەمانی كوردستان ئەگەر سەر بەو ئەنجوومەنە بێت“.

ساڵح به‌شار،په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ وسه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان، له‌لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت وتی”ئێمه‌ وه‌كو فڕاكسیۆنی پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین سندوقی داهاتی نه‌وت و گاز سه‌ر به‌ئه‌نجوومه‌نی باڵای نه‌وت و گازی هه‌رێم بێت“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com