پارتی،بەبۆنەی رێكەوتنیان پیرۆزبای لە یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان دەكات 
نوچەنێت.هەولێر:
مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆبونەوەو پارتی لە كۆبونەوەكە خۆشحاڵی بەڕێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بەپارێزگاری شاری سلێمانیو هەڵەبجەو یەكلایی كردنەوەی پۆستەكان دەربڕی.
سايتى فەرمی یەكێتی بڵاوی كردوەتەوە”ئێوارەی ئەمڕۆ 2014/12/11 مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بەیاوەری رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی سەركردایەتی،لەپیرمام، سەردانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كردو لەلایەن فازڵ میرانی،سكرتێری مەكتەبی سیاسی،مەحمود محەمەد،ئەندامی مەكتەبی سیاسی و رەمزی شەعبان، ئەندامی لیژنەی مەركەزی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازییان لێكراو لەدیدارێكدا،گفتوگۆ سەبارەت بەبارودۆخی ئێستای ناوچەكە،عیراق،هەرێمی كوردستان و پێویستی یەكڕیزیی و یەك هەڵوێستی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان لەبەر رۆشناییەكانی گۆڕانكارییەكانو ئەو هەلومەرجەی بەهۆی سەرهەڵدانی داعشەوە هاتۆتە ئارا كراو هاوكات لەگەڵ گۆڕینەوەی بیروڕای پێویست“.
لەكۆبونەوەكە”فازڵ میرانی،سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان،خۆشحاڵی بەڕێككەوتنەكەی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی و بزوتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بەپارێزگاری شاری سلێمانیو هەڵەبجەو یەكلایی كردنەوەی پۆستەكان خستەڕوو، تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە رێككەوتنەكە خزمەتی زیاتر بەپارێزگای سلێمانی و كوردستان دەكاتو ئومێدیشی خواست، كە ئەم رێككەوتنە هۆكارێك بێ بۆ زیاتر لەیەكتر نزیكردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان، نەك بەتەنها لەحوكمڕانیو دەسەڵاتدا، بەڵكو لەباری سیاسیشەوە“.
جەختیشیكردەوە كە”وەك یەكێتییو پارتی ئۆباڵی مێژوویمان سەبارەت بەنەتەوەكەمان لەئەستۆدایە“.
لەلایەن خۆشییەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی”رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتییو گۆڕانی بەسەرەتایەكی نوێ بۆ گۆڕانكارییەكانو تێپەڕین لەقۆناغی رابردوو بۆ ئێستاو ئاییندەش زانیو لەو رووەشەوە، جەختی لەپێوستی گۆڕانكارییەكان لەكوردستان بەپێی قۆناغەكانو بەتایبەت هەلومەرجی ئێستای دوای سەرهەڵدانی داعش لەناوچەكەو مەترسییە هاوشێوەكانیان كردەوە“.
لەو روانگەیەشەوە”سەرنجی كۆبوونەوەكەی بۆ 23 ساڵی رابردووی حوكمڕانی یەكێتییو پارتی لەكوردستاندا راكێشاو تیایدا جەختیكردەوە ئەگەر هەر كەموكوڕییەك لەو ماوەیەدا هەبێ ئەوا لەسەر شانی یەكێتییو پارتییەو هەروەك یەكێتییو پارتیشی بەمایەی هاوسەنگی لەكوردستاندا پێناسەكردو لەو رووەشەوە، مەلا بەختیار، ئاماژەی بەرێككەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتییو پارتیو هاوپەیمانێتی نێوانیان كردو تیایدا جەختی كردەوە، كە یەكێتیی لەسەر حسابو بەرژەوەندی هیچ لایەنێك، لەگەڵ لایەنێكی تردا رێكناكەوێتو جەختیشیكردەوە كە لەم ماوەیەدا گفتوگۆی یەكێتیی- پارتی دەست پێ بكەینەوە هەتا بیروڕای گەڵاڵەكراوی نێوانمان لەكۆبوونەوەكاندا، بگەیەنینە ئەنجامێكی سیاسی پێویست“.