نوضةنيَت-All for Syria
سەرچاوە سەربازی و هەواڵگرییەكان هێرشە ئاسمانییەكەی ئیسرائیلیان بۆسەر ناوچەیەكی نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و سنوری نێوان سوریا و لوبنان ، بە یەكەم جەنگی سەربازی ئاشكرای نێوان ئیسرائیل و ڕوسیا وەسف كرد لە شەڕی سوریادا.
بەپێی ماڵپەڕی “دیبكا” ی ئیسرائیلی ، هێرشەكەی ئیسرائیل پێكهاتەی موشەكە پێشكەوتوە روسیەكانی جۆری (S-300) تێكشكاندوە كە مۆسكۆ بڕیاریدابوو لە ڕێگەی سوریاوە بۆ حیزبوڵای لوبنانی بگوازێتەوە.
ئەم سیستمی موشەكە روسیە پێش چەند ڕۆژێك بەهۆی فڕۆكەی گواستنەوەی روسیەوە گەیشتبوونە بەشی سەربازی فڕۆكەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی. هەروەها سەرچاوەكان دەڵێن ئەو هێرشە ئاسمانیە دوای كەمتر لە 24 كاژێر دێت لە كۆبونەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا میخائیل بوجدانۆف و بەرپرسێكی كۆشكی كریملین و حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵای لوبنان دەربارەی رۆڵی روسیا لە جەنگی سوریادا.
یەكەمجار نیە كۆبوونەوەی لەم جۆرە لە نێوان نەسروڵا و بوجدانۆفدا ڕوودەدات بەڵام یەكەمجارە روسەكان وێنەكانی ئەو كۆبوونەوەیە بەشێوەیەكی ئاشكرا بڵاو دەكەنەوە.
چەند هەفتەیەكە روسەكان بەدوای ڕێگەیەكدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی تۆڵە لە ئەمریكا و ئیسرائیل بكەنەوە دوای ئەوەی گەورەترین بنكەی هەواڵگری روسیا كەوتە دەست چەكدارە یاخیەكانی سوریا لە هەفتەی یەكەمی مانگی ڕابردوودا ، لە تل حارەی نزیك دەرعا لە باشوری وڵات.
دەزگا هەواڵگریە رۆژئاواییەكان دەڵێن ئەو بنكەیە یەكێكە لە گەورەترین بنكە هەواڵگریە پێشكەوتوەكانی روسیا لە دەرەوەی خاكی خۆی و یاخیبوەكان دەستیان گرتوە بەسەر ئامێر و شتومەكی هەواڵگری ئەوتۆدا كە پێشتر رۆژئاوا نەیدیون و نەیبوە.
هەروەها سەرچاوەكانی دیبكا وتیان ئەو ئامێرە هەستیارانە لە سوریاوە گوازراونەتەوە بۆ شارەزا رۆژئاواییەكان بە ئامانجی ئەوەی بپشكنرێن و لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكرێت.
هەروەها سەرچاوەكان ئەوەیان ئاشكرا كرد فڕۆكە ئیسرائیلیەكان بنكەی كەتیبەی ژمارە 103ی فیرقەی چواری گاردی كۆماری سوریاو سەربازگەیەكی لۆجستی هەمان فیرقەیان تۆبباران كردوە لە شاری دیماسی نزیك سنوری لوبنان.
دیبكا هۆكاری پشت تۆپبارانی دوو ئامانجی هەمان فیرقە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە پەیوەندی هەر بەو بارە چەكەوەیە كە لەڕێگەدایە بۆ حیزبوڵای لوبنان بنێردرێت.
