كونسوڵی میسر بۆ بارزانی: جیهان بە ڕێزەوە سەیری خۆڕاگریی پێشمەرگە لەبەرانبەر داعش دەكات
نوچەنێت.هەولێر:
كونسوڵی نوێی وڵاتی میسر لەكۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان،ئاماژەی بەوەدا كە جیهان بە ڕێزەوە سەیری خەبات و خۆڕاگریی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆریستان دەكات.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کوردستان بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی 12ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عومەر فەهمی كونسوڵی نوێی وڵاتی میسر لە شاری هەولێر كرد“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی”لە دیدارەكەدا كونسوڵی نوێی میسر كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی بارزانی كردبوو خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا كە وەك كونسوڵی تازەی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار بووە. هەروەها سوپاس و پێزانینی گەل و حكوومەتی میسری بە بارزانی ڕاگەیاند بۆ هەوڵ و قوربانیدانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی بەوەدا كە جیهان بە ڕێزەوە سەیری خەبات و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆریستان دەكات“.
لەبەرانبەریشدا”بارزانی بەخێرهاتنی كونسوڵی تازەی میسری كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و كارەكانی بۆ خواست“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا قسەی لەسەر كرا و جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێو هەرێمی كوردستان و میسر كرایەوە“.