بەرپرسێكی كوردى : بیست هەزار سەرباز بەشداری شەڕی ڕزگاركردنی موسڵ دەكەن
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بەشار كیكی ڕایگەیاند بیست هەزار جەنگاوەر لە چوار لایەن بەشداری پرۆسەی ئازاد كردنی موسڵ دەكەن لەگەڵ ئەوەی هێشتا كاژێری سفر دیاری نەكراوە.
هەروەها لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ كیكی وتی ” ئەو پلانەی بۆ ڕزگار كردنی موسڵ دانراوە تا ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە بۆیە كاژێری سفر بۆ هێرشكردن دیارینەكراوە “.
هەروەها وتی ” چوار لایەن بەشداری دەكەن بۆ جێبەجێ كردنی پلانەكە ئەوانیش هەریەك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی خۆجێیی موسڵن، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە خاڵی هەرە دیاری پلانەكە كە تا ئێستا یەكلا نەبۆتەوە ئەوەیە كە كێ سەرۆكایەتی ڕزگار كردنی موسڵ دەكات”.
ئاماژەشی بەوە دا كە ” تۆمار كردنی ناوی ئەوانەی كە دەیانەوێت بچنە ناو هێزی ئازادكردنی موسڵ بەردەوامە و لە نزیك موسڵ ڕاهێنانیان پێدەكرێت” هەروەها دووپاتی كردەوە ” پێویستمان بە زیاتر لە بیست هەزار چەكدارە بۆ ئازاد كردنی موسڵ لە كاتێكدا تا ئێستا تەنها دە هەزار چەكدار هاتونە ناو سەربازگەكەوە” هەروەها وتی ” جەنگاوەرەكان پێویستیان بە ڕاهێنانی تایبەت و چەكی نوێ هەیە”
كیكی ڕونی كردەوە ” پلانەكە قۆناغی دوای ڕزگار كردنی موسڵیش دەگرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت كۆنترۆڵ كردنی دوای ئازاد كردنیش بەردەوام بێت و دانیشتوانەكەی ئامادەی گەڕانەوە بكرێن بۆ جێگاكانی خۆیان بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری دووبارە ئاوەدانكردنەوەی بكەنەوە”
هێزی ئازادكردنی موسڵ پێكدێت لە هێزی پۆلیسی پارێزگای موسڵ، كە دوای ئەوەی شارەكە كەوتە دەست داعش موسڵیان بەجێهێشت، دووبارە ڕێكخرانەوە لە سەربازگەی دووبەردان نزیك ناحیەی باشیك كە دەكەوێتە 20 كیلۆمەتری باكوری ڕۆژهەڵاتی موسڵ.
هەروەها وتی ” هەروەها پشت بە دانیشتوانی موسڵ و هێزی پێشمەرگە دەبەسترێت بەو پێیەی قبوڵكراوە لەلایەن زۆربەی خەڵكی شارەكەوە” دوپاتی كردەوە ” نامانەوێ هیچ كەسێك لە دانیشتوانی موسڵ زیانی بەربكەوێت لەكاتی پرۆسەی ئازاد كردنەكەدا جگە لەوانەی لەگەڵ داعش دەمێننەوە و لەگەڵمان دەجەنگن”
ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ لە 39 ئەندام پێكدێت و لەو كاتەوەی شاری موسڵ كەوتۆتە دەست چەكدارانی داعش ئەنجومەنەكە كۆبونەوەكانی لە چەند ناوچەیەكی دەرەوەی ئەو پارێزگایە بەڕێوە دەبات، لە ئێستادا كۆبوونەوەكانی لە ناحیەی ئەلقوش ئەنجامدەدات كە دەكەوێتە 45 كیلۆمەتری باكوری موسڵ.
