پارتی: داوای یەك لە دەی گشت پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی دەكەین

0

پارتی: داوای یەك لە دەی گشت پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی دەكەینzyad

نوچەنێت.هەولێر:

سەرۆكی لیستی پارتی لەپارێزگای سلێمانی رایگەیاند،دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی لەسەر پۆستەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رێك كەوتن،پارتیش لەو پارێزگایە داوای یەك لەسەر دەی پۆستەكان و بەشدارییەكی كارای ئیدارەی ئەو پارێزگایە دەكات.

زیاد كاكە رەزا،سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان،بەسایتی فەرمی حیزبەكەی راگەیاندوە”پۆستی پارێزگار بۆ یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەنیش بۆ گۆڕان و پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەیش بۆ گۆڕان و ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجەیش بۆ یەكێتی دەبێت و ئەم رێككەوتنەیش تا دووساڵ بەو شێوەیە دەمێنێتەوە،دواتر پۆستەكان پێچەوانەوە دەبنەوە،واتە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ گۆڕان و پارێزگاری هەڵەبجەیش بۆ یەكێتی لە بەرامبەردا سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ یەكێتی و هیی هەڵەبجەیش بۆ گۆڕان دەبێت و بڕیاریشە كۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆببێتەوە و پۆستەكان هەڵبژێردرێن“.

سەرۆكی لیستی پارتی ڕوونیشی كردەوە كە”تا ئێستا لایەنە سیاسییەكان لەبارەی پۆستەكانەوە لەگەڵیان كۆ نەبوونەتەوە،بەڵام ئێمە لە نێوخۆدا كۆ دەبینەوە و داواكارییەكانمان دیاری دەكەین و داوای ئیستیحقاقی خۆمان لە گشت پۆستەكان و قایمقامییەت و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكەین،رەنگە داوای جێگری پارێزگاریش بكەین،بۆیە پێویستە لە هەموو جومگەكان پۆستمان پێ بدرێت“.

زیاد كاكە رەزا،ئاماژەیشی دا”ئێمە یەك لەسەر دەی دەنگەكانمان بە دەست هێناوە،بۆیە پێویستە بە گوێرەی ئەو دەنگانە پۆستمان پێ بدرێت،چونكە جگە لە سلێمانی دوو ئیدارەیش هەیە،ئەوانیش راپەرین و گەرمیانن،بۆیە پۆستی سیادی بە مافی خۆمان دەزانین“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com