تۆمەتبارە سەرەکییەکانی ئەنجامدەری تەقینەوەکانی هەولێر و کەرکووک دەستگیر کران
نوچەنێت.هەولێر:
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان دەستگیركردنی تۆمەتبارە سەرەکییەکانی ئەنجامدەری تەقینەوەکانی هەولێر و کەرکووکی ڕایگەیاند.
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوەکەیدا كە وێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە ڕایگەیاندوە”دوای دەستکەوتنی چەند سەرەداوێک و بەدواداچوونی ورد، هێزەکانی ئاساییشی هەولێر بە هاوکاریی ئاساییشی کەرکووک توانییان لە چەند چالاکییەکی تایبەتدا، چەند تیرۆریستێکی سەر بە بەناو دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)، لە پارێزگای کەرکووک دەستگیر بکەن. ئەم کەسانە تۆمەتباری سەرەکیی تەقینەوەی رێکەوتی 19/11/2014 ی بەردەم پارێزگای هەولێرن“.
ئەنجوومەنی ئاساییش دەشڵێت”لە لێکوڵینەوە سەرەتاییەکاندا بەڵگەی دیکە دەست کەوتن کە، هەمان ئەم گرووپە دەستیان لە تەقینەوەی رۆژی 23/8/2014ی هەولێر و تەقینەوەی 4/12/2014ی کەرکووکدا هەبووە“.
ئەمەی خوارەوەش دەقی راگەیەنراوەكەیە:
راگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان
بە هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستانی رادەگەیەنین کە، دوای دەستکەوتنی چەند سەرەداوێک و بەدواداچوونی ورد، هێزەکانی ئاساییشی هەولێر بە هاوکاریی ئاساییشی کەرکووک توانییان لە چەند چالاکییەکی تایبەتدا، چەند تیرۆریستێکی سەر بە بەناو دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)، لە پارێزگای کەرکووک دەستگیر بکەن. ئەم کەسانە تۆمەتباری سەرەکیی تەقینەوەی رێکەوتی 19/11/2014 ی بەردەم پارێزگای هەولێرن، هەروەها لە لێکوڵینەوە سەرەتاییەکاندا بەڵگەی دیکە دەست کەوتن کە، هەمان ئەم گرووپە دەستیان لە تەقینەوەی رۆژی 23/8/2014ی هەولێر و تەقینەوەی 4/12/2014ی کەرکووکدا هەبووە.
تیرۆریستانی ئاماژە پێکراو، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا بە هەبوونی بەڵگەی بەهێزەوە دانیان بە تاوانەکانیان ناوە. لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکاندا لێکۆڵینەوە لەم تۆمەتبارانە بەردەوامە و لە ماوەیەکی نزیکدا هاووڵاتیانی ئازیزمان لە ئەنجامەکان ئاگادار دەکەینەوە.
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان
6/12/2014