پارتی : بندیوارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق زیاتر لە 100 هەزارن
پلەی سەربازی کڕێن و فرۆشتنیان پێ کراوە .. بندیوارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری زیاتر لە 100 هەزارن
نوچەنێت.هەولێر:
پەرلەمانتارێكی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر لەو ژمارەیەی کە لە مێدیاکاندا بلاو کراوەتەوە ئاشکرا دەکات و جەخت دەکاتەوە کە،لەناو ڕیزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراقدا دەیان هەزار كەس بەبێ ئەوەی دەوام بکەن،مووچەی مانگانەیان وەرگرتووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سایتی حیزبەكەی راگەیاندوە”دەستمان بە چەند لێكۆڵینەوەیەكی سەربازی لە فیرقەكانی 1و 8 كرد و بۆمان دەركەوت لە فەوجێكدا لە 400 كەس تەنیا 100 كەس دەوامیان كردووە،ئەوانەمان كردە ڕاپۆرتێك ناردمان بۆ سەركوەزیران،بەپێی لێكۆڵینەوەی سەرەتایییش، دەركەوتووە زیاتر لە 50 هەزار چەكداری بندیوار لە وەزارەتی بەرگری هەن، لە كاتێكدا ئەگەر لێكۆڵینەوە بكرێت ئەو ڕێژەیە زۆر زیاتر دەبێت،چونكە بەشێكی زۆریان لەسەر بنەمای وەرگرتنی مووچەكە دانراون، بەشێكیشیان هەر نەیانزانیوە میحوەری شەڕ لە كوێیە و چی دەكەن“.
وەک ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لەسەر لیستی پارتی دەڵێ”ئەو دۆسیەیە تائێستا بەردەوامیی هەیە و لە لێكۆڵینەوەی ورددایە بۆ ئەوەی ڕاستییەكان دەركەون“.
لەبارەی ڕێژەی مووچەخۆری بندیواریشەوە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق،شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی دا”پێشبینی دەكەین لە دوای لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە ئەو ڕێژەیە بۆ 100 هەزار مووچەخۆری بنیدوار بەرز ببێتەوە،كە ئەمە گەورەترین كارەساتە لە عێراقدا“.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت” لە دۆسیەیەكدا نزیكەی 20 خاڵیان لەسەر تێكشكانی سوپای عێراق لە سەقڵاویە و كشانەوەی سوپا لە چەند شوێنێكی دیكە نووسیوە، بۆیە دۆسیەی شكستی سوپای عێراق و بابەتی مووچەی بندیوار دەكرێتە دۆسیەیەك و پەرلەمان كاری لەسەر دەكات“.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە”لە هەموو دامەزراوەیەكی سەربازیدا دەزگای هەواڵگری هەیە، بەڵام دەزگای هەواڵگری لە عێراقدا بەرتیلی پێ دراوە و هەوڵی داوە ئەو شتانە پەردەپۆش بكات، جیا لەوانەیش، پلەكڕین لەناو سوپای عێراقدا بوونی هەبووە و خەڵك بە ملیۆن دۆلاری داوە بۆ ئەوەی پلەی لە سوپای عێراقدا پێ بدرێت كە ئەوەیش گەورەترین كارەساتە لەناو سوپای عێراقدا ڕووی داوە و دەبێت بە جیددی لەسەر ئەو بابەتە لێكۆڵینەوە بكرێت“.
لەبارەی چارەنووسی (نووری مالیكی)ـیەوە كە پێشتر فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بووە،شاخەوان عەبدوڵڵا وتی”لەسەر ڕووداوەكەی مووسڵ لێكۆڵینەوەمان لەگەڵ 36 گەورەئەفسەری عێراق كردووە و ئەگەر ئەو ئەفسەرانە ددان بە ڕاستییەكاندا بنێن، ئەو كاتە دەبێت (نووری مالیكی) بانگی پەرلەمان بكرێت“.