تاڵه‌بانی‌: ئاسووده‌ ده‌بم مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌كاتی خۆی بدرێت و دوانه‌كه‌وێت

0

تاڵه‌بانی‌: ئاسووده‌ ده‌بم مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌كاتی خۆی بدرێت و دوانه‌كه‌وێتtalabany

نوچەنێت.هەولێر:

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم،رایگەیاند،خۆشبه‌ختانه توانیمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا بگه‌ینه‌ رێككه‌وتنێكی گرنگ كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی خێر بۆ عیراق و‌ هه‌رێم دەشڵێت،یه‌كه‌مجاره‌ حكومه‌تی فیدراڵ،به‌ رێككه‌وتنێك،ساڵانه‌ بڕێك پاره‌،ده‌داته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و لەهەمان كاتیش ئه‌و بیانووه‌ نه‌ما،عیراق وه‌ك جاران بڵێت ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم یاسایی و ده‌ستووری نییه‌.

قوباد تاڵه‌بانی‌،جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەبابەتێكدا بەناونیشانی(هه‌نگاوێكی گرنگ به‌ره‌و چاره‌سه‌ر)كەسایتی فەرمی حیزبەكەی بڵاوی كردوتەوە و نوسیویەتی”خۆشبه‌ختانه‌،وه‌ك وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانیمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا بگه‌ینه‌ رێككه‌وتنێكی گرنگ كه‌ دواجار ده‌بێته‌ مایه‌ی خێر بۆ گه‌لانی عیراق چ له‌ هه‌رێمی كوردستان و چ له‌ شاره‌كانی تری عیراق“.

جێگری سەرۆكی حكومەت رونیشیكردوەتەوە”ماوه‌یه‌كی زۆره‌ قه‌یرانی دارایی و ئه‌منی به‌رۆكی گرتووین كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ریی نه‌گه‌تیڤی له‌سه‌ر بارو ژیانی رۆژانه‌ی هاووڵاتیان دروستكردووه‌و بۆته‌ گه‌وره‌ خه‌می ئێمه‌ش له‌ حكومه‌ت كه‌ به‌هه‌موو توانایه‌كمان هه‌وڵمان ده‌دا ئه‌و كاریگه‌رییه‌ له‌سه‌ر هاونیشتمانیان نه‌مێنێت و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت چاره‌سه‌ری بكه‌ین، وه‌ك بینیشتان چه‌ندینجار له‌ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌رمی نواندن و ده‌ستپێشخه‌ریمان كردووه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌و هه‌وڵمانداوه‌ به‌زوویی حكومه‌تی عیراقیش وه‌ك ئێمه‌ درك به‌ قه‌باره‌ی ئه‌و ره‌وشه‌ ناله‌باره‌ بكات و بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا كراوه‌“.

راشیگەیاندوە”له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم دوای گفتوگۆیه‌كی ورد له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زیری نه‌وتی عیراق د.عادل عه‌بدولمه‌هدی، توانیمان بگه‌ینه‌ سه‌ره‌تایه‌ك و رێڕه‌وێك به‌ره‌و رێككه‌وتنێكی گرنگ سه‌باره‌ت به‌ پرسی نه‌وت و بودجه‌،بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم چارسه‌ر بكرێت به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هیچ لایه‌ك زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن، دواتر به‌زوویی وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ند هه‌نگاوێكی تری نا، به‌ رۆیشتنی بۆ به‌غداو گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێك كه‌خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌:* بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی فرۆشراو داهاته‌كه‌ی بۆ حكومه‌تی عیراق بێت.* گرتنه‌ ئه‌ستۆی هه‌نارده‌كردنی 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركوك بۆ توركیا له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌.* حكومه‌تی فیدراڵ وه‌ك ساڵانی پێشوو، پشكی 17%ی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی 2015 وه‌كو مافێكی شه‌رعی بداته‌وه‌ به‌ هه‌رێم و پشكێك له‌ بودجه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق دابینبكرێت بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، وه‌ك به‌شێك له‌ سیستمی به‌رگریی عیراق، كه‌ ئه‌مه‌ وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌و گرنگه‌ له‌ مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا له‌دوای 2003 وه‌“.

لە بارەی ئەوەی بۆچی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ زۆر گرنگه‌،تاڵەبانی دەڵێت”یه‌كه‌مجاره‌ حكومه‌تی فیدراڵ، به‌ رێككه‌وتنێك، ساڵانه‌ بڕێك پاره‌، ده‌داته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌ به‌شێك له‌ هێزی نیزامی له‌ عیراق داده‌نرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستووری عیراقدا هاتووه‌، وه‌فدی به‌غداو به‌تایبه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌تی عیراق د.حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌م چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ی دوایی،ستایشی زۆری رۆڵی پێشمه‌رگه‌یان كردووه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر كه‌ ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ ئێمه‌و داننانه‌ به‌نیزامی هێزه‌كانمان و جێبه‌جێكردن و داننانیشه‌ به‌و بڕگه‌یه‌ی ده‌ستووری عیراق كه‌ شه‌رعییه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌دات وه‌ك هێزێكی نیزامی و هێزێكی دانپیانراوی یاسایی“.

رونیشیكردوەتەوە”لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌و بیانووه‌ نه‌ما، حكومه‌تی عیراق وه‌ك جاران بڵێت ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم یاسایی و ده‌ستووری نییه‌، به‌ڵكو ئێستا دانیان به‌ 100%ی ده‌ستووری بوونی پڕۆسه‌ی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ناوه‌، ئیدی جارێكی تر له‌ گفتوگۆكانمان باس له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ناكرێته‌وه‌و ته‌نها باس له‌ چۆنیه‌تی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیكردنی یه‌كتری و زیادكردنی داهاتی ناوخۆی عیراق و كوردستان ده‌كرێت

تاڵەبانی جەخت لەوەشدەكاتەوە كە”به‌م رێككه‌وتنه‌ش هیچ لایه‌ك زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بوو،به‌ڵكو هه‌ردوولا (به‌غداو هه‌ولێر) سوودمه‌ند ده‌بن له‌ڕووی داراییه‌وه‌و جگه‌ له‌وه‌ش په‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ دواجار ده‌كرێت پێكه‌وه‌ هه‌موو كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی دوای 2003 چاره‌سه‌ر بكرێن“.

جێگری سەرۆكی حكومەت لە بەشێكی تری بابەتەكەی ئەوەش ئاشكرا دەكات”كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سیووله‌ بۆ خه‌زێنه‌كانی كوردستان مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ شێوازی كاركردنی جاران(پێش سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی له‌ سه‌ره‌تای 2014 وه‌) له‌مه‌ڕ خه‌رجییه‌كانمان له‌ داموده‌زگا حكومییه‌كان،به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌رگرتنی بڕه‌ بودجه‌ی هه‌رێم،حكومه‌ته‌كه‌مان به‌رده‌وامده‌بێت له‌ به‌رنامه‌و ریفۆرمی ئیداری و دارایی كه‌ به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و قه‌یرانه‌وه‌ ده‌ستمان پێكرد بوو، به‌رده‌وامده‌بین له‌ نه‌هێشتنی زیاده‌ڕه‌وی دارایی و له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت“.

ناوبراو رونیشیكردوەتەوە”ده‌بێت پێكه‌وه‌ دوای رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا، هه‌وڵی جددی و جددیتر بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئافاتی تیرۆر كه‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ گه‌لانی عیراق و ناوچه‌كه‌ش، بنبڕبكرێت به‌ده‌ست خستنه‌ ده‌ستی یه‌كترو دروستكردنی یه‌كڕیزییه‌كی نیشتمانی و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاته‌ هاوپه‌یمانه‌كانی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی خاكی كوردستان و عیراق له‌ دوژمنانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و هه‌موو گه‌لی عیراق پاكبكرێته‌وه‌

قوباد تاڵەبانی لە كۆتایی بابەتەكەشی دەڵێت”ئاسووده‌ ده‌بم له‌وه‌ی قوتی هاووڵاتیان،مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان،له‌كاتی خۆی بدرێت و دوانه‌كه‌وێت،ئاسووده‌تریش ده‌بم به‌ نه‌هێشتنی گروپی تیرۆریستی داعش و بنبڕكردنیان له‌ خاكی كوردستان و عیراقیش به‌گشتی“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com