ئیمارات : پێشمەرگە،باشترین زامنکارە بۆ پێشکەوتنی ئابووری لە هەرێمی کوردستان

0

ئیمارات:پێشمەرگە،باشترین زامنکارە بۆ پێشکەوتنی ئابووری لە هەرێمی کوردستان31220141813602_peshmarga11

سەرەڕای گرفتەکان،هەرێمی کوردستان پێگەی ئابووری و بازرگانی خۆی پاراستووە

نوچەنێت.هەولێر:

سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی وپیشەسازیەکانی هەرێم رایگەیاند،سەرەڕای ئەو گرفتانەی لەم دواییەدا روویاندا، هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێگەی ئابووری وبازرگانی خۆی بپارێزیت. بەهۆی ئەو سەقامگیریەی لەڕووی ئاسایشەوە لەشار وشارۆچکەکانیدا هەیە توانیویەتی ببێتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی لەعیراق وناوچەکەدا.

لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان،دارا جەلیل خەیات،سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی وپیشەسازیەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە”هەڕەشەی تیرۆریستی وبڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی پێشووی ‌‌بەغداوە،”دوو تەحەددای زۆر سەرەکی بوون لەبەردەم هەرێمی کوردستان کە بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەرێم بیر لە پەیڕەوکردنی شێوازی دیکە وپلانی دیکە بکات بۆ پاراستنی باری ئابووری. ئەمەش بەسوود وەرگرتن لەسەقامگیری ئەمنی وسیاسی وگرنگیدان بەکەرتی تایبەت“.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە”پاڵپشتیکردنی حکومەت بۆ وەبەرهێنان”باشترین وەڵام بوو لەو بارودۆخەدا. هەبوونی وەبەرهێنەری خۆماڵی لە کەرتە چالاکەکان،بەڕێژەی دەتوانم بڵێم زیاتر لە 70 لەسەد وایکرد سستیێکی زۆر نەکەوێتە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە وزەرەرەکە بەڕێژەیەکی گەورە نەبێت بەبەراورد لەگەڵ شوێن وناوچەکانی دیکەی عیراق“.

بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی عیراق وهەرێمی کوردستان لەئەنجامی هەڕەشەی تیرۆریستانی رێکخراوی ناسراو بە داعش،هەروەها بەهۆی بڕینی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عیراق وپێنەدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی دارایی هات کە بەهۆیەوە زۆر لەپرۆژەکان وەستان“.

دارا جەلیل خەیات، رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان وبەغدای بەپێشڤەچوونێکی گرنگ لەقەڵەمدا ودووپاتیکردەوە کە”ئەم رێککەوتنە زەمینە خۆشدەکات بۆ بەجمووجۆلکردنەوەی چالاکی ئابووری؛ هەروەها عیراق وکوردستانیش پێگەیەکی بەهێزتریان لەبازاڕی نەوتی جیهاندا دەبێت، ئەگەرچی ئێستا نرخی نەوت دابەزیووە. گوتیشی کە “بەپێی پێشبینیەکان لەماوەی پێنج تا شەش ساڵی داهاتوودا داهاتی نەوتی عیراق رەنگە بگاتە زیاتر لە300 ملیار دۆلار“.

خەیات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە”پێویستە “گرنگی بەئەنجامدانی کۆمبوون ودیداری بازرگانی وئابووری بدرێت بەتایبەتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دەستی باڵایان لەبواری بازرگانی ووەبەرهێناندا هەیە.” هاوکات ئاماژەی بەو رێککەوتن وکۆبوونەوانە کرد کە هەرێمی کوردستان وبێللاروسیا وهەنگاریای لەم دوواییەدا کۆکردەوە کە “بوونە دەستپێکی گرنگ بۆ هەنگاوی گرنگتر لەئایندەدا“.

راشیگەیاند”سەرەڕای ئەو گرفتانەی لەم دواییەدا روویاندا، هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێگەی ئابووری وبازرگانی خۆی بپارێزیت. بەهۆی ئەو سەقامگیریەی لەڕووی ئاسایشەوە لەشار وشارۆچکەکانیدا هەیە توانیویەتی ببێتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی لەعیراق وناوچەکەدا“.

لەلای خۆشیەوە راشد ئەلمەنسوری،کۆنسوڵی گشتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دووپاتیکردەوە”هەرێمی کوردستان شوێنێکی سەقامگیر وئارامە و خاوەنی پێگەی ئابوری خۆیەتی لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە وڵاتەکەی بیر لە پرۆژەی گەورە وسوود بەخش دەکات کە لە کوردستان جێبەجێی بکات“.

راشد ئەلمەنسوری وتیشی”بوونی پێشمەرگە،باشترین زامنکاریە بۆ پێشکەوتنی بواری ئابووری لەهەرێمی کوردستان،چونکە پێشمەرگە بەپاراستنی سەقامگیری ئاسایشی ئەم هەرێمە،وڵاتانی جیهانیش هان دەدات بەوەی بێن پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنان ئەنجامبدەن،داواشیکرد هەرچی زووە وڵاتان سوود لەم دەرفەتە وەربگرن وباشترین پرۆژەی خۆیان بهێننە کوردستان“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com