بۆ ئەمساڵی خوێندن(32249) قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم وەرگیران

0

بۆ ئەمساڵی خوێندن(32249) قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم وەرگیرانqutabyan

نوچەنێت.هەولێر:

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیانی لە زانكۆ و پەیمانگەكان ڕاگەیاند و دەشڵێت، بۆ ئەمساڵی خوێندن (32249)قوتابی وەرگیراون.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 4/11/2014 د. كەریم عەبدول ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان ڕایگەیاند و وتی: وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوەیەكە زۆر بەچڕی و وردی و دڵسۆزانە بەهاریكاری وەزارەتی پەروەردە كار دەكات بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش هەوڵیداوە زۆرترین ڕێژەی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگەكان وەربگرێت“.

ناوبراو وتیشی:لەو چوارچێوەیەشدا ئەمساڵ (53208)خوێندكاری‌ 12ی‌ ئامادەیی لە ڕێگەی (زانكۆ لاین)ەوە فۆرمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كردوە، كە (13000) یان لە قوتابیانی ساڵی خوێندنی (2012-2013) بوون، (40208) خوێندكاریش لە دەرچوانی ساڵی خوێندنی (2013-2014)، لەو ژمارەیەشدا (30653) قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان وەرگیران،جگە لەوەی كە (1596) بەهۆی هەڵەو كەمی هەڵبژاردن لەلایەن قوتابیانەوە لەكاتی پڕكردنەوەی فۆرمی زانكۆ لاین ناویان نەهاتۆتەو دواتر لەلایەن (زانكۆ لاین) دابەش دەكرینەوە، بەو شێوەیە كۆی وەرگیراون دەبێتە (32249) و رێژەی وەرگرتنیش بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) دەگاتە (80,36%)“.

د.كەریم عەبدول ئاشكرایكرد كە”كەمترین كۆنمرەی وەرگیراو لە بەشی زانستی دەگاتە (61,57), لەبەشی وێژەیش (63,57) بووە”.بەڕێزیان رونیكردەوە كە توانای وەرگرتنی زانكۆ تایبەتەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) دەگاتە نزیكەی (16000) هەزار خوێندكار/ قوتابی“.

راشیگەیاند”قوتابیانی دوانزەی ئامادەیی لە ئەمڕۆ پێنچ شەممە،ڕێكەوتی (4/12/2014) لە ڕێگەی وێب سایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆ لاین)یان پێ‌ بڕكردبوە دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەردەگیراون“.

رونیشیكردەوە”بۆ ئەمساڵی خوێندن (18,452) خوێندكار/ قوتابی لە بەشی زانستی و (12,201) خوێندكار لە بەشی وێژەی فۆرمی زانكۆ لاینیان پڕكردبوەوە. لەهەمان كاتدا كە (13000) لە خوێندكاران/ قوتابیانی ساڵی پار فۆرمیان پێشكەش كردبوو“.

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەیەدا د. محمد سابر بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلان و بەدواداوچون ڕاگەیاند”بۆ ئەمساڵی خوێندن و زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە دەرچوانی قوتابیانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان وەردەگرن بەپێی ڕێنماییەكان، لەهەمان كاتدا ڕێژەیەك لە ئامادەییە پیشەییەكان وەردەگیرێن“.

د. محمد سابر داواشی لە قوتابیان كرد كە”لە ڕێكەوتی (6/12 تا 11/12) پەیوەندی بەو بەش و كۆلێژانەوە بكەن بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان،چونكە رێكەوتی (13/12/2014) یەكەم ڕۆژی دەوامی ساڵی نوێ‌ خوێندنیان دەبێت لە زانكۆ و پەیمانگەكان“.

ڕونیشیكردەوە”كە هەر قوتابیەك ئەگەر گللەیی و سكاڵای هەبێت، دوای تەواوكردنی تەواوكردنی مامەڵەكانیان لە بەش و كۆلێژەكانیان و تۆماركردنی ناوەكانیان لە تۆماری زانكۆ و پەیمانگەكان دەتوانن لە رێگەی بەش و كۆلێژەكانیان سكاڵاو تانەكانیان تۆمار بكەنەوە لەوێوە بەرز دەكرێتەوە بۆ وەزارەت و ناوەندی وەرگرتن“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com