پەرلەمانی کوردستان بۆ تورکیا:بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەبێت زیاتر لە پەكەكە نزیك ببنەوە
نوچەنێت.هەولێر:
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە كۆبونەوەی لەگەڵ کونسوڵی تورکیا رایگەیاند، دەبێت هەوڵی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی بدەین و نزیکبوونەوەی زیاتری پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی سەقامگیریی بە تورکیا و ناوچەکە دەدات.
بەپێ راگەیەنراوێكی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان كەوێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە”د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان،لەکاتی پێشوازیکردن لە کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، وتی:” بەهەمو لایەکمانەوە دەبێت هەوڵی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی بدەین لە تورکیا و نزیکبوونەوەی زیاتری پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا، سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەتورکیا وناوچەکەدا درووست دەکات، هەرێمی کوردستان هاوکاری هەردولاتان دەبێت بۆ نزیکبوونەوە لەیەکتری و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی“.
بەپێ راگەیەنراوەكە”ئەمڕۆ پێنج شەممە، ٤ی دیسەمبەر محەمەد ئاکیف ئینعام کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کردو لەلایەن د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە پێشوازیکرا“.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكە هاتوە”لەسەرەتای وتەیهكیدا،سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی:”پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، بەتایبەتی لە هاوکاریکردنتان بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ جێگەی ڕێزە، هیوادارین تورکیاش هاوکاری زیاتری کوردانی خۆرئاوا بێت و لە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆرستاندا، چونکە تورکیا بۆ ئێمە و بۆ کوردانی خۆرئاوا، دراوسێیەکی گرنگە“.
هەر بەپێ راگەیەنراوەكە”لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان،وتی: “دەبێت تورکیا جدی تر بێت لە پرۆسەی ئاشتیدا، بۆ ئەوەی ناوچەکە ئارامی زیاتر بەخۆوە ببینێت“.
لەبەرانبەریشدا”کونسوڵی تورکیا لەهەرێمی کوردستان،سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ دیدارەکە، ئاماژەی بەوەدا لە نزیکەوە چاودێری کارەکانی ئەم خولەی پەرلەمان دەکەن و بە خولێکی پڕ لە کار و چالاکی دەبینن، هیوای خواست پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان بچێتە ئاستێکی بەرفراوانتر، چونکە هەردولامان وەک دوو دراوسێ پێویستمان بە یەکترە“.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكە ئەوەش روونكراوەتەوە”لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، کونسوڵی تورکیا وتی:”پرۆسەی ئاشتی بۆ ئێمە گرنگە، چونکە ئارامی زیاتر بە وڵاتەکەمان دەدات، بەرپرسانی باڵای تورکیا، سەرەڕای کۆسپ و تەگەرەکان، بەڵێنی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتییان داوە“.