رۆژنامەیەکی بەناوبانگی عەرەبی: بەغدا ملی بۆ هەولێر کەچ کرد
نوچەنێت- ئەلعەرەب
رۆژنامەی ئەلعەرەب کە رۆژنامەیەکی بەناوبانگە و لەساڵی 1977 ەوە لە لەندەن دەردەچێت، لەسەر رێککەوتنەکەی نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی نووسیویەتی “بەغدا ملی بۆ هەولێر کەچ کرد”.
لە بابەتەکەدا هاتووە بۆ خۆ دەربازکردن لەو قەیرانە ئابوورییەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە تووشی بووە و بەمەبەستی ناردنە دەرەوەی زۆرترین بڕی نەوت، بەغدا گەیشتە رێککەوتن لەگەڵ جکومەتی هەرێمی کوردستان.
رۆژنامەکە دەڵێت، بە بۆچوونی چاودێران رێککەوتنەکە سەرجەم داخوازییەکانی هەرێمی تێدایە، بگرە کۆمەڵێک دەسەڵات دەداتە هەولێر کە پێشووتر خەونیشی پێوە نەدیوە.
وەک ئەلعەرەب دەڵێت ئەو 550 هەزار بەرمیلە رۆژانەیەی دەچێتە سەر کۆی بەرهەمی نەوتی عێراق، بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی هەولێردا دەبێت.
وەک لە بابەتەکەدا هاتووە دابینکردنی ملیارێک دۆلار بۆ هێزی پێشمەرگە، بەپێی رێککەوتنەکە، یەکەمین دانپێدانانە بە شەرعیەتی هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هەژمار کردنیان وەک بەشێک لە دامەزراوە دەوڵەتییەکانی عێراق.
لە درێژەی بابەتەکەدا ئەوەش هاتووە، کە رێککەوتننامەکە هەموو پایەکانی سەربەخۆیی نەوتی دەداتە هەرێمی کوردستان و زاڵیشی دەکات بەسەر بیرە نەوتەکانی کەرکووکدا. هەروەک چۆن شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی دەداتە پرۆسەی ناردنە دەرەوەی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، دوای ئەوەی هەولێر رووبەڕووی کۆمەڵێک گرفتی گەورە بووەوە لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە.
ئەلعەرەب دەشڵێت شرۆڤەکاران پێیانوایە، ئەم رێککەوتنە سەربەخۆیی فیعلی بە کورد دەدات و هەولێر هەرکاتێک دۆخی بە گونجاو زانی ئامادەیی راگەیاندنی سەربەخۆیی تێدا دەبێت، بەتایبەت هەرکاتێک تووشی ناکۆکی بووەوە لەگەڵ حکومەتی بەغدا.
رۆژنامەکە دەڵێت زۆر رێی تێدەچێت خودی هەولێر پارەی فرۆشتنی 550 هەزار بەرمیل نەوتە، رۆژانەکە وەربگرێت، بەو سیفەتەی خۆی بەرهەمی هێناوە، بەوەش راستەوخۆ پشکی خۆی لە بودجەی ناوەند وەردەگرێت بێئەوەی چاوەڕێ بێت لە بەغداوە پێی بگات.