پەرلەمان بۆ حكومەت: دادپەروەریی لە نێوان موچەی پلە باڵاکان و موچە نزمەکاندا پەیڕەو دەکەین
نوچەنێت.هەولێر:
سەرۆکی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم،رایگەیاند،بۆ رێکخستنەوەی کاروباری دارایی هەرێمی کوردستان فراکسیۆنەکانی پەرلەمان سەرقاڵی پڕۆژە یاسایەکن کە دادپەروەریی لە نێوان موچە پلە باڵاکان و موچە نزمەکاندا پەیڕەو دەکەین.
بەپێ راگەیەنراوێكی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان كەوێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە”دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، چوارشەممە ٣ی دیسەمبەر، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و د.جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆک و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازییان کرد لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە یاوەری ڕێباز محەمەد وەزیریی دارایی و د.ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی شیکردنەوەی ناوەرۆکی رێکەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد“.
بەپێ راگەیەنراوەكە”لەسەرەتای دانیشتنێكدا شاندی میوان وردەکاری دانوستانەکەی چەند رۆژی رابردوویان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بۆ پەرلەمان خستە ڕوو، ئاماژەیان بەوەدا ئاسۆیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند بەدیدەکرێت و هەست بە گۆڕانێکی تازە و ژینگەیەکی جیاواز دەکرێت لەبیرکردنەوەی بەرپرسانی عێراقدا، لەو سەردانەشدا توانرا ڕێکەوتنێکی سەرەتایی بکرێت و زەمینەسازیبکرێت بۆ کۆتایهێنان بەو بارگرژییەی کە چەند مانگێکە لە نێوان هەولێر و بەغدا درووست بووە“.
لەبەرانبەریشدا”سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان،بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و پێداگیریی پەرلەمانی کوردستانی خستەڕوو بۆ رێکخستنەوەی کاروباری دارایی هەرێمی کوردستان. داوایکرد سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجی زیادە وچاکسازیی لەبواری دارایی و کارگێڕیدا بەردەوامی پێبدات“.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكە هاتوە”لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە ئێستا فراکسیۆنەکانی پەرلەمان سەرقاڵی پڕۆژە یاسایەکن کە دادپەروەریی لە نێوان موچە پلە باڵاکان و موچە نزمەکاندا بێنێتە کایەوە،بەمەش دەتوانرێت بڕێکی زۆر پارە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگێڕنەوە“.
پاشان سەرۆکی فراکسیۆنەکان،سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر پرسی دانوستان و شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند خستە ڕوو.