كۆسرەت رەسوڵ: دەسبەرداری بستێك خاكی كوردستان نابین
نوچەنێت.هەولێر:
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەكۆبنەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا،رایگەیاند،دەسبەرداری بستێك خاكی كوردستان و مافەكانی گەلەكەمان نابین و باڵیۆزی ئەمریكاش وتی خۆڕاگری پێشمەرگە لەتەواوی دنیا دەنگی داوەتەوە.
ماڵپەڕی یەكێتی بڵاوی کردەوە” ئێوارەی ئەمڕۆ 2014/12/2 كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی د.خەسرەو گوڵ محەمەدو شاڵاو كۆسرەت ئەندامانی سەركردایەتی ی.ن.ك لە سلێمانی پێشوازیكرد لە ستیوارت ئەی جۆنز باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عیراق و وەفدێكی هاوڕێی“.
بەپێ هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارێكدا دۆخی ئێستای عیراق و هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەرێم و حكومەتی ئەمریكا قسەیان لەبارەوە كراو گرنگترینی گفتوگۆكان باری ئەمنی ناوچەكەبوو“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەگرنگییەوە باسی لە رۆڵ و سەركەوتنە بەرچاوو جوامێرانەكانی پێشمەرگە كرد بەرامبەر تیرۆریستانی داعش و سوپاسی گەل و حكومەتی ئەمریكاشی كرد بۆ ئەو پشتیوانی و هاوكارییانەی لەسەرجەم بوارەكاندا گەیاندویانەتە هەرێمی كوردستان“.
ماڵپەڕی يەكێتى ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”كۆسرەت رەسوڵ تیشكی خستە سەر رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و وتیشی: ئومێد دەكەین ئەو رێكەوتنە پێ بنێتە قۆناغی باشترو بەرەوپێش ببرێت بە هەوڵ و كۆششی سەرجەم لایەنەكان، چونكە گرژی و ئاڵۆزی خزمەت بەدۆزی دیموكراسی و ژیانی هاووڵاتیان ناگەیەنێ بەتایبەت لە دۆخی ئێستادا“.
هەر بەپێ هەواڵەكە”لە درێژەی وتەكانیدا كۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی بۆ وەفدی میوان دوپاتكردەوە: ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان دەسبەرداری بستێك لەخاكی پیرۆزی كوردستان و مافەكانی گەلی كورد نابین كە لەدەستوری عیراقدا چەسپاوەو بەردەوامدەبین لەو پێناوەدا، چونكە بە بەخشینی گیان وخوێنی دەیان و سەدان رۆڵەی ئەم نیشتمانە توانیومانە سنوری ئازادی و دیموكراسی فراوان بكەین“.
لەبەرانبەریشدا”باڵیۆز جۆنز خۆشحاڵی و پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای بۆ هەرێمی كوردستان پیشانداو وتی: خۆڕاگری و بەرگریكردنی پێشمەرگە لەهەرێمی كوردستان لەتەواوی دنیادا دەنگی داوەتەوە،چونكە پێشمەرگە نوێنەرایەتی هەموو مرۆڤایەتی دەكات لە شەڕی دژی تیرۆر“.
هەر لەو دیدارەدا هەردوولا كۆكبوون لەسەر یەكڕیزی و یەك دەنگی سەرجەم لایەنەكان بۆ بەرەو پێش بردن و گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە.