ناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی عێراق دوادەكەوێت
نوچەنێت-رۆیتەرز
دابەزینی نرخی نەوت لە باواڕە جیهانییەكاندا حكومەتی عێراقی ناچاركرد چاو بە بودجەی پێشنیاركراوی 2015 دا بخشێنێتەوە.
بڕیاربوو حكومەتی عێراق رۆژی یەكشەممە بودجەی پێشنیاركراوی ساڵی 2015 بنێرێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام حەیدەر عەبادی پەرلەمانی ئاگاداركردۆتەوە كە ناردنی بودجەی پێشنیاركراو بۆ پەرلەمان دوادەكەوێت.
عەبادی وتویەتی بودجەی پێشنیاركراو لەسەر بنەمای ئەوە دانرابوو هەر بەرمیلێك نەوت بە 70 دۆلار بخەمڵێنرێت، بەڵام ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 64 دۆلار دابەزیوە، ئەمەش وەك عەبادی وتویەتی حكومەتی ناچاركردووە چاوخشاندنەوەیەكی گشتگیر بە بودجەدا بكاتەوە و دوای چەندین گۆڕانكاری دوبارە بینێرێتەوە پەرلەمان.
شیاوی وتنە نرخی نەوت بۆ كەمترین ئاست لە 4 ساڵی رابردوو دابەزیوە و ئەوەش قەیرانی ئابووری بۆ ئەو وڵاتانە درووست دەكات كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتیان فرۆشتنی نەوتە.