نێچیرفان بارزانی بۆ سەركردەكانی بەغدا:عێراق لەبارێكی خراپدایە
نوچەنێت.هەولێر:
نێچیرفان بارزانی لەكۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند،عیراق لەبارێكی خراپدایە و تیرۆریش سەلماندی كە جیاوازی لەنێوان هیچ پێكهاتەیەك ناكات و دووپاتیشیكردەوە كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر؛ هەرێمی كوردستان ئامادەیە هاوكاری عیراق بكات.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەمە 30ی نۆڤەمبەری 2014 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەلایەن بەها ئەلئەعرەجی جێگری سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە پێشوازی لێكرا.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ 30ـی نۆڤەمبەری 2014 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەلایەن د.سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە پێشوازی كرا.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”لە دیدارێكدا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەخێرهاتنی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری كرد و هیوای خواست سەردانەكەیان بۆ بەغدا ببێتە مایەی چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی لەنێوان بەغدا و هەولێر بەهەڵواسراوی ماونەتەوە“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی حكومەت”نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پێشوازی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد و دووپاتیكردەوە كە ئەوان بەنیازی چارەسەركردنی كێشەكان هاتوونەتە بەغدا و ئامادەن لەسەر بنەمای واقعبینی بۆ كێشەكان؛ هەموو كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربكەن. خۆشحاڵی خۆیشی نیشاندا كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان؛ كەشێكی تازەی ئەرێنی لەبەغدا بەدی دەكرێت“.
هەر بەپێ هەواڵەكە”بارزانى ئاماژەی بەوەشدا عیراق لەبارێكی خراپدایە و تیرۆریش سەلماندی كە جیاوازی لەنێوان هیچ پێكهاتەیەك ناكات و هەمووان دەكاتە ئامانج؛ بۆیە پێویستە هەمووان بەیەكەوە رووبەڕووی ببینەوە. دووپاتیشیكردەوە كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر؛ هەرێمی كوردستان ئامادەی هەموو هاوكاری و هەماهەنگیەكە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عیراق و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو”هەر لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراق دوای بەخێرهێنانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، باسیان لە ڕەوش و كێشەكانی ئەمڕۆی عێراق كرد و جەختیان لە چارەسەركردنی كێشەكان كردەوە بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی عیراق و هەرێمی كوردستاندا بێت. هەروەها سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە بەهانای ئاوارە و پەنابەرانەوە چوون و هاوكاری و كۆمەكیان پێشكەشكردوون و لەوبارەوە هەرچی پێویست بووبێت ئەنجامیانداوە“.
لەبەرانبەریشدا”نێچیرڤان بارزانیش دووپاتیكردەوە كە خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرچی لەتوانایاندا بێت بۆ ئاوارە و پەنابەران كردوویانە و دەیكەن و بەردەوامیش دەبن. هەروەها داوای لێبوردنی كرد ئەگەر هەر كەم و كوڕییەك لە بەهاناوەچوون و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا بۆ ئاوارە و پەنابەران هەبووبێت و هەمووانی دڵنیاكردەوە كە ئەوەی لەتوانادا بێت بۆ یارمەتیدان و هاوكاری ئاوارەكان؛ كەمتەرخەمی ناكرێت“.
هەر بەپێ هەواڵەكە”داوی ئەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەلایەن بەڕێز د.ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عیراقەوە پێشوازی كرا“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”لە دیدارێكدا وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆك وەزیران و شاندی یاوەری، تیشك خرایە سەر ڕەوشی ئەمنی و سیاسی ئەمڕۆی عێراق و بەتایبەت ئەو هەڕەشانەی كە تیرۆر بۆ سەر هەموو پێكهاتەكانی عێراق بە بێ جیاوازی دروستیكردووە. لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرا و هەردوولا چارەسەركردنی كێشەكانیان دووپاتكردەوە بەشێوەیەك لە بەرژوەندی هەرێم و بەغدا دا بێت“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بگاتە چارەسەر“.