ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی نێوان بارزانی و عەبادی
نیچیرفان بارزانی و حهیدهر عهبادی كۆبونهوهو بەوردی باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان کردووەو هەرلایەکیان پەیامی خۆی گەیاندووەتە شاندی بەرامبەر.
وهك پێشتر بریاردرا بوو ئهمرۆ یهكشهممه وهفدی باڵاى حكوومهتى ههرێمى كوردستان به سهرۆكایهتیى نێچیرڤان بارزانى سهرۆك وهزیران و به یاوهریى جێگرى سهرۆك وهزیران و وهزیره پهیوهندارهكان و ژمارهیهك له ڕاوێژكاران، سهردانى بهغدایان كرد وهك سهرهتایهك بۆ دهسپێكردنى گفتوگۆیهكى جددى و ههڵنانى ههنگاوى كردهیى بۆ چارهسهركردنى كێشهكانى نێوان ههولێر و بهغدا و لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەلایەن بەها ئەلئەعرەجی جێگری سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە پێشوازیان لێكرا.
دوای گهیشتنی وهفدهكهی ههرێم لە كۆشكی سەرۆكایەتی لەلایەن حهیدهر عهبادی سهرۆك وهزیرانی حكومهتی عێراق پێشوازیان لێكراو دواتر كۆبونهوه.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”لە كۆبوونەوەكەدا عەبادی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان،هەروەها خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری نیشاندا و هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە هۆكار بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی حكومەت”عەبادی لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: “بەبڕوای من هیچ كێشەیەكی وا لەنێوان بەغدا و هەولێردا نییە كە چارەسەر نەكرێت و هەموو كێشەكان قابیلی چارەسەركردنن. عیراق هەموومان كۆدەكاتەوە؛ ئەگەر رێك نەكەوین زیان بە هەردوولامان دەگات؛ بۆیە تاكە رێگە كە لەبەردەمماندایە؛ رێككەوتنە“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”عەبادی ئاماژەی بەوەشدا كە ئێستا باری دارایی عیراق خراپە و نرخی نەوت دابەزیوە و هاوڵاتیانیش داواكاری زۆریان لەحكومەت هەیە و بارودۆخی سەربازیش دیارە لەچ حاڵێكدایە، بەڵام رێككەوتن رێگەمان بۆ خۆش دەكات و توانای زیاترمان پێدەبەخشێت كە بەسەر هەموو ئەم كۆسپانەدا سەركەوین، هەروەها گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن دەربڕی“.
لەبەرانبەریشدا”نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كە ئێستا لە بەغدایە و گوتی: “خۆشحاڵم كە جارێكی دیكە لێرە دەتانبینمەوە، نامانەوێ سەردانی ئێمە بۆ بەغدا ببێتە بابەتێكی میدیایی؛ بەڵكو سەردان و هاتوچۆمان بۆ بەغدا ببێتە شتێكی ئاسایی“.
هەر بەپێ هەواڵەكە”سەرۆكی حكومەتی هەرێم پیرۆزبایی لە عەبادی كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكوەزیرانی حكومەتی عێراق و گوتی: “بە دەستبەكاربوونتان؛ هەنگاوەكان بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان دەچن. ئێمە بەهیچ شێوەیەك باس لەوە ناكەین كە كێ بەرپرسی دروستبوونی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە، بەڵام نیشانەكان ئەوە دردەخوەن كە دەستبەكاربوونتان وەكو سەرۆكوەزیرانی عیراق؛ لاپەڕەیەكی نوێ بۆ هەموو عیراق دەكاتەوە“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”بارزانى راشیگەیاندوە كە كێشەكان بە شەو و رۆژێك و سەردانێك چارەسەر ناكرێن. ئامادەیی خۆیشی نیشاندا كە چەند پێویست بێت سەردانی بەغدا بكات تا دەگەنە چارەسەرێكی كۆتایی و دووپاتی كردەوە كە پێویستە ستراتیژێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دابندرێت“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی ئێستا و رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەكانی داعش كرا و لەمبارەوەش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لەمەترسییەكانی تیرۆرستانی داعش كرد و ئاشكرایكرد كە ئەم تیرۆریستانە مەترسین بۆ سەر عیراق و هەموو ناوچەكە. هەروەها ئاماژەی بە قەیرانی ئابووری و دارایی كرد كە گرفتێكی گەورەی دروستكردووە و رایگەیاند كە شەڕی تیرۆر و ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش قەیرانەكەی هەم لە بەغدا و هەم لە هەولێر قورستر كردووە، ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگیەكەیشی دەربڕی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر. لەمبارەوەش داكۆكی لەسەر هەماهەنگی و هاوكاری هەمەلایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرایەوە و هەروەها رەوشی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و دانانی پلان و بەرنامە بۆ ئازادكردنیان باسی لێوەكرا“.
باسكردنی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی؛ لەلایەنێكی دیكەی باس و خواسی كۆبوونەوەكە بوون.
