شارەزایەكی بواری وزە: ئەمریكا به دابەزاندنى نرخی نەوت عێراق بەرەو دابەشبوون دەبات
نوچەنێت- روسیا تودەی
شارەزای بواری نەوت و ڕاوێژكاری پێشوی وزە لە حكومەتی عێراقیدا حەمزە جەواهیری لە لێدوانیدا بۆ تەلەفزیۆنی روسیا تودەی دەڵێت نزمبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بڕیارێكی سیاسیە پێش ئەوەی بڕیارێكی ئابووری بێت بەوەی هەوڵێكە بۆ شكاندنی هەژموونی نێودەوڵەتی روسیا و ئێران و لاوازكردنی حكومەتی ناوەندیی عێراق و سەرەنجام بەهێزكردنی گوتاری ئەمریكا، كە ئەو پێیوایە دەیەوێت عێراق پارچە پارچە بكات.
جەواهیری ڕوونی كردەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سیاسەتێكی ناڕوون لەگەڵ عێراق پیادە دەكات ، بەوەی لەلایەكەوە سوربوونی خۆی بۆ پاراستنی یەكێتی خاكی عێراق دووپات دەكاتەوە بەڵام لەلایەكی ترەوە كاردەكات بۆ دابەشكردنی لە ڕێگەی لاواز كردنی حكومەتی فیدرال و ڕێگەدان بە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە دەرەوەی بڕیارەكانی حكومەتی بەغدا هەڵسوكەوت بكات.
دەربارەی سروشتی پاڵنەرە سیاسییەكانی پشت دابەزاندنی نرخی نەوت، جەواهیری وتی ویلایەتە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانەكانی لە ڕێكخراوی ئۆپێك هەوڵ دەدەن بۆ سزادان و داڕوخاندنی ئابووری ژمارەیەك لەو وڵاتانەی كە سیاسەتیان لەگەڵ واشنتن ناگونجێ وەك روسیا و ئێران و عێراق.
هەرچی رووسیا و ئێرانە ئەوە لەمپەرن لەبەردەم سیاسەتەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا. بە وتەی جەواهیری بە ئامانجگرتنی ئابووری عێراقیش رێگاخۆشكردنە بۆ دابەشكردنی.
جەواهیری دەشڵێت هەر لە یەكەم رۆژی داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان پلانی دابەشكردنی عێراقی داڕشت و بۆ یەكەمجار جۆ بایدن رایگەیاند، بەڵام سەرەڕای هەوڵەكانی ئەمریكا عێراق بە یەكپارچەیی مایەوە. ئەوەی عێراقی بە یەكپارچەیی هێشتەوە ئابوورییە بەهێزەكەی بوو، ئێستا لەڕێگەی داڕوخاندنی ئابووری عێراقەوە دەیەوێت بەتەواوی بەرەو دابەشبوونی ببات.