كۆسرەت رەسوڵ بۆ محەمەدی حاجی مەحمود:دەزانم لەدەستدانی جەرگ و رۆڵە چەندە ناخۆشە
نوچەنێت.هەولێر:
كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شەهید بەبۆنەی شەهیدبونی عەتای كوڕی محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان،پرسەنامەیەكی ئاڕاستەی كردوەو تیایدا رایگەیاندوە: ەزانم و هەستی پێدەكەم كە ئازاری لەدەستدانی جەرگ و رۆڵە چەندە ناخۆشە،بۆیە هەموو كات و لەگەڵ بیستی هەواڵی شەهید بوونی هەر پێشمەرگەیەك ئاخ هەڵدەكێشم و دەڵێم یاخوا كەس ئازاری لەدەستدانی رۆڵە نەبینی.
ئەمەی خوارەوەش دەقی پرسە نامەكەیە:
پرسەنامەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی بۆ محەمەدی حاجی مەحمود
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەكان
هاوكاتی هەواڵە خۆشەكانی سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، بەداخەوە بە بەردەوامی هەواڵی شەهیدبوونی پۆلێك پێشمەرگەی قارەمانمان پێدەگات، كە خوێن و گیانی خۆیان دەكەنە فیدای خاكی پیرۆزی كوردستان.
برای بەڕێزم كاكە محەمەدی حاجی مەحمود/ سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان
روون و ئاشكرایە جەنابتان لەسەرەتای شۆڕشی نوێی گەلەكەمانەوە وەك پێشمەرگەیەكی قارەمان خەباتتان كردوەو تا ئەمڕۆ بەردەوامن لە خەباتكردن و دواجار دوێنی لە روبەڕووبوونەوەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كاكە عەتای سەركردەی گەنج و ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان و كوڕی جەنابت شەهید بوو، لێرەوە پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمتان ئاڕاستە دەكەم و دەزانم و هەستی پێدەكەم كە ئازاری لەدەستدانی جەرگ و رۆڵە چەندە ناخۆشە، بۆیە هەموو كات و لەگەڵ بیستی هەواڵی شەهید بوونی هەر پێشمەرگەیەك ئاخ هەڵدەكێشم و دەڵێم یاخوا كەس ئازاری لەدەستدانی رۆڵە نەبینی، بەڵام دڵنیام جەنابتان و هەموو دایك و باوكە شەهیدێكی كورد دەزانن كە خوێنی رۆڵەكەیان بەفیڕۆ نەچووەو شەهیدی پاراستنی خاك و نیشتمانن.
لە كۆتاییدا دووبارە پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاڕاستەی بنەماڵەی سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەكەم و ئومێد دەكەم خوێنی ئەو پۆلە شەهیدانەی كوردستان دوا هەنگاوەكانمان بێ بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیی و ئاشتی و ئارامی لە كوردستان.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان