بارزانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له‌میحوه‌ری كه‌ركوك به‌سه‌ر كرده‌وه
نوچەنێت.هەولێر:
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ردانێك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له میحوه‌ری ڕۆژئاوای كه‌ركوك به‌سه‌ركرده‌وه و دەستخۆشیی لە پێشمەرگە و فەرماندەکان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لە هەردوو بەرەی تەللەلوەرد و مەکتەب خالید وەدەستیان هێناوە و توانیویانە هێرشی تیرۆریستان تێكبشكێنن.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کوردستان بڵاوی کردەوە”ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 27/11/2014 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئاگاداربوون له بارودۆخی مه‌یدانی و پێداویستییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، سه‌ردانی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووکی كرد و لەگەڵ سەرپەرشتیاران و فەرماندەکانی پێشمەرگە لەو میحوەرە کۆبۆوە“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی”له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا کە بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پاراستنی هەرێم و دکتۆر کەمال کەرکووکی سەرپەرشتیاری میحوەری پێنجی ڕۆژئاوای کەرکووک و وەستا ڕەسووڵ سەرپەرشتیاری میحوەری چواری ڕۆژئاوای کەرکووک و فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە لەو سنوورە بەڕێوەچوو“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”بارزانی له وته‌یه‌كدا سوپاسی قاره‌مانێتیی پێشمه‌رگه‌ی له‌و میحوه‌ره كرد و دەستخۆشیی لە پێشمەرگە و فەرماندەکان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی ڕۆژی چوارشەممە 26/11/2014 لە هەردوو بەرەی تەللەلوەرد و مەکتەب خالید وەدەستیان هێناوە و توانیویانە هێرشی تیرۆریستان تێكبشكێنن و ڕێگە لە پێشڕەوییان بگرن. هەروەها سڵاو و درودی خۆی بۆ ئه‌و شه‌هیده قاره‌مانانه نارد كه له پێناو گەل و وڵاته‌كه‌یان له شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا گیانی خۆیان فیدا كردووه و ڕایگەیاند: هەموو شەهیدانی کوردستان کوڕ و کەسوکاری منن و خۆم بە هاوبەشی خەمی خانەوادەکانیان دەزانم“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”هه‌ر له وته‌كه‌یدا سەرۆكی هەرێم باسی له‌وه‌ش كرد،كه ئێستا هێزی پێشمه‌رگه توانیویه‌تی تیرۆریستان تێكبشكێنێ و بكه‌وێته هه‌ڵوێستی هێرش بردن و زەبری كوشندە لە تیرۆریستانی داعش بوەشێنن، بۆیە ئێستا تیرۆریستان پەلەقاژەی مەرگ و لەناوچوونیانە و سەرکەوتنە مەزنەکانی هێزی پێشمەرگە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لە میحوەرەکانی قەرەتەپە و جەلەولا و بەنداوی موسڵ و خەرابەڕووت نیشانەی وەرەی پۆڵایینی پێشمەرگەن و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هیچ هێزێک ناتوانێ لەبەرانبەر ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلەکەماندا خۆێ ڕابگرێت“.
هەر بەپێ هەواڵەكە”بارزانی تەئکیدیشی کردەوە هەر سەرکەوتنێک کە هێزی پێشمەرگە لەبەرەکانی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستان‌دا تۆماری دەکات مایەی شانازیی هەموو تاکێکی کوردە و نەک هەر گەلەکەمان بەڵکو هەموو ئازادیخوازانی دنیا ستایشی ئازایەتی و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە دەکەن و ئێستا ناوی پێشمەرگە لە ئاستی جیهاندا درەوشاوەیە
ماڵپەڕەكە ئەوەشى بڵاوی کردەوەتەوە”هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بەرپرسە باڵاكانی پێشمەرگە و فەرماندە مەیدانییەكان، سەرۆك بارزانی‌یان لە بارودۆخی مەیدانی و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە لەو میحوەرە ئاگادار كردەوە و سەرۆك بارزانییش ڕێنمایی و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو“.