ئایا كوردستان دەبێتە سپارتای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

0
دەوڵەتی سپارتای كۆن، سوپایەكی ژمارە كەم بەڵام هیممەت بەرزی هەبوو

دەوڵەتی سپارتای كۆن، سوپایەكی ژمارە كەم بەڵام هیممەت بەرزی هەبوو

ئایا كوردستان دەبێتە سپارتای  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ماكڵ نایتس*

كاتێك بەرپرسانی كاروباری بەرگری لە ئەمریكا بیانەوێ‌ پێداهەڵدان بە هاوبەشێكی سەربازیی تازەپێگەیشتوو بكەن، وشەی (سپارتا) بەكاردێنن. سپارتا دەوڵەتی شارێكی یۆنانیی كۆن بوو، كە سوپایەكی بە ژمارە كەم بەڵام بەتوانای هەبووە.

ئێستا كوردستانی عێراق دەیەوێت ببێتە سپارتای داهاتوو. دەبێ‌ بڵێین هێزی شەڕكەری كوردستانی كە بە پێشمەرگە ناسراوە هەمیشە جێگەی متمانە و پەسنی سوپای ئەمریكا بووە. ئەوەتا كوردستانیش بوەتە سەكۆیەكی بێوێنە بۆ ئەو پرۆسانەی رۆژئاوا لەدژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ئەنجامیان دەدات و بنكەی ئارامی بۆ دابینكردون كە بە ئاسانی لێیانەوە هێرش دەكرێتە سەر موسڵ و رۆژهەڵاتی سوریا و ئەو بەرە 2000 كیلۆمەترییەی داعش لەناو عێراقدا شەڕی تێدا دەكات.

هەفتەی سێیەمی مانگی 11ی ئەمساڵ سەردانی شاندێكی باڵای كوردیی بۆ واشنتن بەخۆوە بینی. ئەو شاندە خەریكی فشاردانان بوون لەسەر كۆنگرێسی ئەمریكا و سەنتەرەكانی توێژینەوەی ئەمریكی بۆ ئەوەی كاربكەن بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی ریشەیی. شیاوی وتنە لە ئێستادا واشنتن بەشی زۆری هاریكارییە سەربازییەكانی لە راهێنان و پێدانی چەكیشی تەنیا بە راوێژكردن لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق و رەزامەندی ئەوان ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە.

بۆچوونی كۆنگرێس

10ی ئەم مانگە (نۆڤەمبەری 2014) یەكێك لە ئەندامانی باڵای كۆنگرێسی ئەمریكا بەناوی ئید رویس كە سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەیە لەكۆنگرێسی ئەمریكا، پێشنیاری بڕیاریكی كرد كە تەعبیر لە بۆچوونی تەواوی كۆنگرێس دەكات و تێیدا داوای لە سەرۆكی ئەمریكا كرد راستەوخۆ چەكی پێشكەوتوو، مەشق و راهێنان و كەرەستەكانی بەرگری بەپەلە و راستەوخۆ بگەیەنێتە حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە پێشنیارەكەدا داواكراوە حكومەتی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ كەرەستەی ئەمریكی پێ‌ بگەیەنرێت لەشێوەی “چەكی دژە درع، ئالیاتی مودەررەع، تۆپی دورهاوێژ، كەرەستەی پێویستی تیمە سەربازییەكان، كڵاوی گوللەنەبڕ، جلی گوللەنەبڕ، كەرەستەی لۆجستی سەربازی، كەرەستەی پێشكەوتووی بەرگری و هەر شتێكی تر كە سەرۆكی ئەمریكا بەپێویستی بزانێت” و ماوەی سێ‌ ساڵیش ئەم هاریكارییە بەردەوام بێت.

19ی ئەیلوولیش ئەندامێكی دیكەی باڵا لە كۆنگرێس پێشنیارێكی هاوشێوەی كردبوو، بەڵام پێشنیارەكەی ئەو جارێ‌ پێداچوونەوەی لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێسی ماوە. هەریەك لەم پێشنیارانەش فشارەكان زیاتر دەكەن بۆ ئەوەی ئەمریكا واز لە سیاسەتی دودڵی بهێنێت سەبارەت بە یارمەتیدانی كوردستانی عێراق بە بیانووی ئەوەی كوردستان سەربەخۆ نییە.

هەر حەوتی مانگی یانزەی ئەمساڵ سەرۆك ئۆباما داوای لە كۆنگرێس كرد رەزامەندی دەربڕن بۆ پێدانی 1,6 ملیار دۆلار بەمەبەستی مەشق و راهێنانی 9 لیوای سوپای عێراق و 3 لیوای پێشمەرگە وەك هەوڵێكی سەرەتایی بۆ پلانی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لە 2015دا. حاڵی حازر ئەمریكییەكان خەریكی بونیاتنانی پێگەیەكی مەشق و راهێنانی ئەمریكین لە نزیك شارۆچكەی حەریری كوردستای عێراق كە بنكەیەكی هێزی ئاسمانیش لەخۆدەگرێت.

هەوڵ و كۆششێكی زیاتری ئەمریكا

كورد دەیانەوێ‌ ئەمریكا كۆششێكی زیاتر بكا لە مەشق و راهێنان بە 12 لیوای پێشمەرگەدا. ئەوەبوو لەنێوان 2003 و 2011 دا ئەمریكا هاریكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردبوو بۆ ئەوەی 8 لیوای پێشمەرگە بونیات بنێ‌ و بۆ ئەمەش 92 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كردبوون. لە هەمان ماوەدا زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری بەخشیبوو بۆ درووستكردنی 109 لیوای عێراقی. بەوەش بۆ هەر لیوایەكی عێراقی 229 ملیۆن دۆلار دابینكرابوو، كەچی هەر لیوایەكی كوردستان تەنیا 11 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجكرابوو.

ئەوانەی دژایەتی ئەوە دەكەن هەرێمی كوردستان و ئەمریكا پەیوەندییەكی ئەمنیی راستەوخۆیان هەبێت، دەڵێن ئەمكارە عێراق بەرەو لێكهەڵوەشان دەبات. هەروەك ئەمریكا دودڵیشە لە لاوازكردنی پێگەی وەزیری بەرگی عێراق كە عەرەبێكی سوننەیە و خەڵكی موسڵە. بەڵام ئەو وەزیرە تا ئێستا لەگەڵ ئەو پلانەی ئەمریكادایە كە دەیەوێت راهێنان بە چەند لیوایەكی پێشمەرگە بكات.

پێدەچێت لایەنی كوردی بۆ زاڵبوون بەسەر دەنگە ناڕازییەكانی نێو ئەمریكادا، پێشنیاری هاریكاری پیشان بدەن لە چەند بابەتێكی جەوهەریدا. بۆ نموونە هەر بەرەوپێشچوونێكی پێَشمەرگە لە داهاتودا بە ئاراستەی گەمارۆدانی موسڵ و رێگاگرتن لە جووڵەی تیرۆریستان لەسەر سنووری عێراق سوریا، پێویستی بە كەرەستەی سەربازیی زیاتر و راهێنانی زیاتری پێشمەرگە هەیە لەلایەن ئەمریكاوە. هەروەها كورد شوێن دابین بكەن بۆ مەشق و راهێنان بە دوو لیوای عێراقی لە پاشماوەی سوپای هەڵوەشاوەی عێراق.

رێگا بەرەو خۆڕێبەریی كرداری

ئەگەر هەولێر سەنگی ئەو دوو رێگای هاریكارییە بەكاربهێنێت، ئەوە دەتوانێت بەرەو پەیوەندییەكی ئەمنیی راستەوخۆتر بچێت لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانانی دیكەی هاوپەیماندا و ئەوەش دەبێتە رووداوێكی گرنگ لە رێگای سەربەخۆییدا.
هاوشان لەگەڵ هەوڵدان بۆ دروستكردنی پەیوەندی ئەمنیی لەگەڵ وڵاتانی بیانی، حكومەتی هەرێمی كوردستان پلان ددەنێت بۆ ئەوەی لەسەر رێبازێك بڕوات كە سەربەخۆییەكی زیاتری ئابووری پێببەخشێت.
ئەو رێككەوتنەش كە 14ی ئەم مانگە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و وەزیری نەوتی عێراق عادل عەبدولمەهدی هاتەگۆڕێ‌ دەری دەخات كە بەغداد بە ناچاری بۆی دەركەوتووە هاریكاری هەردوولا لە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و كەركووك باشترە لە مانەوەی گەمارۆ ئابوورییە سەپێنراوەكانی بەسەر هەولێردا.
هەرچەندەش چاوەڕێ‌ دەكرێت پەسەندكردنی بودجەی 2015ی عێراق دانوساندنێكی سەختی بوێت، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتاییدا رێگا بە كورد بدرێت لە ساڵی ئاییندەدا بەشێوەیەكی سەربەخۆ رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشن.
ئەوانەش دیاترترینی پێداویستییەكانی هەر كیانێكی سەربەخۆن و تەنها لە ناونانەكەیان كەمە و پێدەچێت لەم قۆناغەدا كورد رازی بن جارێ‌ بەناو سەربەخۆ نەبن.

• مایكڵ نایتس لەگەڵ پەیمانگای واشنتن كاردەكات و پسپۆڕی كاروباری ئەمنیی عێراق و ئێران و وڵاتانی كەنداوە

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com