یەكگرتووی ئیسلامی:پێشمەرگە قوربانی دەدات و لایەنە سیاسیەكان موزایەدەی پێوە دەكەن
نوچەنێت.هەولێر:
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەو شەڕی راگەیاندنەی دوای سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لایەنە سیاسیەكان ئەنجامی دەدەن و موزایەدە بەسەركەوتنەكانەوە دەكەن و رایدەگەێنێت، پێشمەرگە قوربانی دەدات و لایەنە سیاسیەكان موزایەدەی پێوە دەكەن.
لەجەنگی دژی داعشدا هێزەكانی پێشمەرگە سەركەوتنی گەورە بەخوێنی شەهیدەكانیان تۆمار دەكەن،بەڵام هەمیشە لەدوای سەركەوتنەكان لەسەر پاڵەوانی جەنگەكە لایەنەكان یەكتری تۆمەتبار دەكەن و شەرێكی راگەیاندنی نوێ دروست دەبێت.
ئەبوبەكر هەڵەدنی،سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بەسایتی فەرمی حیزبەكەی راگەیاندوە”ئەو شەڕی راگەیاندنەی لەسەر سەركەوتنەكانی پێشمەرگە دروست دەبێت نیشانەی بوونی درز و كەلێنە لەنێوان لایەنە سیاسیەكانی هەرێمدا، نیشانەی بوونی هێزی حزبی و لایەندارییە لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا“.
ناوبراو ئەوەش دەخاتەروو”سەركەوتنەكانی پێشمەرگە جێگای شانازییە بۆ هەموو كوردستان و خەڵكی كوردستان براوەیە،ناكرێت بكرێتە شانازی حزبی و لایەنێك موزایەدەی پێوە بكات،ئەگەرچی ئەو پێشمەرگانەی شەهید دەبن ئینتمایان بۆ لایەنێكی سیاسی هەبێت،بەڵام لەراستیدا پێشمەرگەكانمان بەرۆحی فیداكاری و نیشتمانپەروەرییەوە دەجەنگن نەك لەپێناو حزب و لایەنەكاندا“.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو”داواشی كرد چی تر ئەو دەستكەوتانەی كەپێشمەرگەكان دەبنە سوتەمەنی و قوربانی بۆی و بەخوێنی ئەوان تۆمار دەكرێن،هیچ لایەنێك نەیكاتە موڵكی تایبەتی خۆیی،چونكە فیداكاری پێشمەرگە شەهیدەكان لەلایەن و حزبێك گەورەترە،هاوكات ئەو شەڕی راگەیاندن و لێدوانە نادروستانەی لایەنەكان لەدوای سەركەوتنەكان،كاریگەری خراپ لەسەر ئینتیمای نیشتمانی پێشمەرگە و دڵسۆزییان دروست دەكات“.