ئەمەریكا بۆ بارزانی : بەردەوام دەبێن لە هاوكاری و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە

0

ئەمەریكا بۆ بارزانی : بەردەوام دەبێن لە هاوكاری و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگەbarzany

نوچەنێت.هەولێر:

سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمەریكا لە كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند،وڵاتەكەی لە شەڕی تیرۆردا بەردەوام دەبێت لە هاوكاری و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و سوپای عێراقی و كاریش بۆ ئەوە دەكات كە لە هاوكاریكردنی پێشمەرگەدا ئاستەنگەكان كەم ببنەوە.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کوردستان بڵاوی کردەوە”ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 25ـی 11ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ ڕایمۆند ئۆدێرنۆ سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جۆزێف پێنینگتۆن كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك پلەدار و ڕاوێژكای سوپای ئەمەریكا پێكهاتبوو“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی”لە دیدارەكەدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنوەر حاجی عوسمان جێگری وەزیری پێشمەرگە و فەریق شێروان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمەریكا لە گوتەیەكدا نیگەرانیی خۆی نیشاندا بەرانبەر ئەو بارودۆخە نالەبارەی لە ئەنجامی هەڕەشەی تیرۆریستان تووشی عێراق بووە. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە هاتووە لە نزیكەوە بارودۆخی مەیدانی و كاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان هێزی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان ببینێت و ئاگاداری ڕاو و بۆچوونەكانی بارزانی بێت لەبارەی چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئەو هەماهەنگییە كەموێنەیە نیشاندا كە لەنێوان هێزەكانی وڵاتەكەی و هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا هەیە و جەختی لەوە كردەوە كە ئەو هەماهەنگیی و هاوپەیمانییە ئەنجامی زۆر باشی لێ كەوتووەتەوە و وەك هەماهەنگیی نێوان دوو شەریك وایە“.

هەر بەپێ هەواڵەكە”سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمەریكا لە درێژەی قسەكانیدا وێڕای ئاماژەدان بە ئاڵۆزیی بارودۆخەكە ئەوەی دوپات كردەوە كە وڵاتەكەی لە شەڕی تیرۆردا بەردەوام دەبێت لە هاوكاری و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و سوپای عێراقی و كاریش بۆ ئەوە دەكات كە لە هاوكاریكردنی پێشمەرگەدا ئاستەنگەكان كەم ببنەوە و

دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە قارەمانانە ڕووبەڕووی تیرۆریستان بوونەتەوە و سەرەخۆشیی خۆیشی لە سەرۆك بارزانی و خێزان و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە“.

لەبەرانبەریشدا”بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمەریكا و شاندی یاوەری كرد و لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر موسڵ و هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوەدا كە بۆ چارەسەری ئەو بارودۆخە نالەبارەی هاتووتە كایەوە پێویستە لە تەك چارەسەری سەربازی،چارەسەری سیاسیی واقعبینانەیش بۆ بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق هەبێت“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی”بارزانی لەبارەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە ئەوەی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە پێشمەرگە لە كۆبانێ هەتا جەلەولا بە درێژایی هەزار و پێنجسەد كیلۆمەتر بە ئیمكانیات و چەكی كەم توانی ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی پڕچەك ببێتەوە كە ئیمكانیات و چەكی پێشكەوتووی دوو دەوڵەتی كەوتۆتە دەست و ئەوەیشی دووپات كردەوە كە تیرۆریستانی داعش هەڕەشەیەكی گشتیین بۆ سەر هەموو لایەك،بۆیە بۆ لەناوبردنیان هەولێكی هەمەلایەنە پێویستە و نابێ تیرۆریستان لە عێراق و سووریا و هیچ شوێنێك پەناگەیان هەبێت“.

هەر بەپێ هەواڵەكە”هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانی لە بەرەكانی شەڕی دژی داعش و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و هەروەها چۆنییەتی فراوانتركردنی هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و پێشمەرگە و سوپای عێراقی خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگی و بەردەوامیی كاری هاوبەشی نێوانیان لەشەڕی دژی تیرۆریستان كردەوە“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com