ئەنجومەنی ناحیەی عوزێم: هەرێمی كوردستان خراپ مامەڵە لەگەڵ ئاوارەكانمان دەكات
نوچەنێت-سۆمەریە نیوز
ئەنجومەنی ناحیەی عوزێمی سەر بە پارێزگای دیالە دەڵێت ئەو خێزانانەی لە ناحیەكەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، داواش لە حكومەتی خۆجێیی دیالە دەكات كار بۆ گیڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان بكات.
لە لێدوانێكیدا بۆ سۆمەریە نیوز محەممەد عوبێدی سەرۆكی ئەنجومەنی ناحیەی عوزێم وتویەتی “ئەنجوومەنەكەمان رۆژانە دەیان جار لەلایەن خێزانە ئاوارەكانەوە پێدەگات كە دەڵێن لەلایەن چەند لایەن و هێزێكەوە مامەڵەی نادروستیان لەگەڵ دەكرێت، ئەوەش نەهامەتییەكانی ژیانی ئاوارەیی ئەوانی لە كوردستان زیادكردووە “.
عوبێدی داوای لە بەرپرسانی هەرێم كردووە بەدواداچوون بۆ كارە ناپەسەندەكانی دەزگا ئەمنییەكان لە هەمبەر ئاوارەكان بكەن، داواشی كردووە كەمێك ئارام بگرن تا دۆسێی ئەمنی چاك دەبێت و ئاوارەكان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
عوبێدی داوای لە حكومەتی خۆجێیی كردووە پەلە بكات لە گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆسەر جێ و ڕێی خۆیان بۆ كۆتاییهێنان بە نەهامەتییەكانیان كە رۆژ لەدوای رۆژ روو لە زیادبوونە.