پارتی : یەكێتی و گۆڕان لە بارەگا حزبییەكان كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیان دواخست
نوچەنێت.هەولێر:
جارێكی دیكە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبەر رێكنەكەوتن لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو دوا خرا، ئەندامانی پارتیش لە ئەنجومەنەكە پێیان وایە دواخستنی ئەو كۆبوونەوانە نایاسایین و دەشڵێن،بڕیاری دواخستنی ئەو كۆبوونەوەیە لە ئەنجوومەن نەدراوە،بەڵكە لە بارەگا حیزبییەكان دراوە و تەنانەت سەرۆكی ئەنجوومەن بۆ دەوامیش نەهاتووە.
چەند مانگێک بهسهر ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكانی ههرێمی كوردستان تێپەڕ دەبێت،دوای چەندین دانیشتنی ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانی،بەهۆی رێكنەكەوتنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستی پارێزگار،تا ئێستاش حكومهتی خۆجێیی سلێمانی پێكنههێنراوه و هەر جارەی بەبیانویەك دانیشتنەكانی ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانی دوادەخرێن.
زیاد كاكە رەزا،سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی،بە سایتی فەرمی حیزبەكەی راگەیاندوە”لەسەر داوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو دوا خرا، ئەم دواخستنانەیش هەموو نایاسایین“.
ڕوونیشی كردەوە كە”ئەوان باسیان لەوە كردووە لە ماوەیەكی نزیكدا رێككەوتن بەڕێوەیە و گەشبینیی خۆیشیان نیشان داوە، هەر بۆیەیش كۆبوونەوەكەیان دوا خستووە“.
ئەمە یازدەیەمین جارە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیە بە هۆی رێكنەكەوتنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و گۆڕان لەبارەی پۆستی پارێزگارەوە دوا دەخرێت.
لای خۆشیەوە مینا سامی،ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی پارتی بە سایتی فەرمی حیزبەكەی راگەیاندوە”بڕیاری دواخستنی ئەو كۆبوونەوەیە لە ئەنجوومەن نەدراوە، بەڵكە لە بارەگا حیزبییەكان دراوە و تەنانەت سەرۆكی ئەنجوومەن بۆ دەوامیش نەهاتووە“.
مینا ڕوونیشی كردەوە”لە ئەنجوومەنی پارێزگا لیژنە دروست دەكرێت و گۆڕان و یەكێتی لەسەری رێك دەكەون، بەڵام لەسەر پۆستی پارێزگار وسەرۆكی ئەنجوومەن رێك ناكەون،چونكە لیژنەیان بۆ دابەشكردنی یەكەی نیشتەجێبوون و خەرجكردنی پارەی ئەنجوومەنی پارێزگا و پلانی ستراتیژی بۆ سێ ساڵی داهاتوو بۆ پارێزگا لە دەرەوەی ئەنجوومەن دروست كردووە،كە ئەمانەیش نەیاسایین،لەبەر ئەوەی نەگەڕاونەتەوە بۆ ئەنجوومەن، هەر بۆیەیش ئێمە كۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی كارەكان لە ئەنجوومەن بكرێن نەك لە بارەگا حزبییەكان“.