نێچیرڤان بارزانی : داعش گەورەترین تاوانی دژ بەژنانی كورد ئەنجام داوە
هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان دەستی بەكارەكانی كرد
نوچەنێت .هەولێر
سەرۆکی حکومەتی کوردستان لەهەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان، دڵنیایی دایە ئافرەتانی کورد کە ئافرەتانی كورد لەبەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ماڵەکان بێت یان لەبەرەکانی جەنگ کۆڵنادەن، خۆشحاڵی خۆشی راگەیاند بەوەی لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستاندا تووندوتیژی رووی لە كەمی كردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25/11/2014 لەباڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی باڵای حکومی و حزبی و پەڕلەمانتاران و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانی ژنان، لەمەراسیمێکدا هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان راگەیەنرا.
هەر لەو مەراسیمەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان لەوتارێکدا رایگەیاند، داعش گەورەترین تاوانی دژ بە ژنانی كورد كردووەو نموونەی رفاندنی كچان و ژنانی كوردی ئێزدی هێنایەوە، كە ئێستاش ژمارەیەكی زۆریان لەژێر دەستی داعشن.
بارزانی ئافرەتانی كوردی دڵنیا کردەوە کە” كۆڵنادەین بۆ بنبڕكردنی تووندوتیژی دژی ژنان جا لە ماڵ بێت یان لە بەرەكانی جەنگ”.
سەرۆكی حکومرتی كوردستان گوتیشی”بەدرێژایی مێژوو ئافرەتی كورد تووشی زوڵم و ستەملێكردن بووەتەوە، بەڵام نەكەوتووەو لەسەر پێی خۆی وەستاوە”.
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، كە وەك سەرۆكی حكومەتی كوردستان بەدواداچوونی بەردەوامی هەیە بۆ پرسەكانی تایبەت بە ژنان، خۆشحاڵی خۆی راگەیاند بەوەی”كە بەپێی بەدواداچوونمان دەركەوتووە ئامارەكانی تووندوتیژی رووی لە كەمی كردووە لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان”.
[youtube id=”PUUrFPeUrx8″ width=”633″ height=”356″]