نوجێفی: پۆلیس هاریكاری میلیشیا شیعەكان دەكات بۆ كوشتاری سوننەكانی دیالە
نوچەنێت-ئاژانسەكان
دووشەممە 24ی نۆڤەمبەر ئوسامە نوجێفی جێگری سەركۆماری عێراق پۆلیسی دیالەی تاوانباركرد بەوەی هاوكاری میلیشیا شیعەكان دەكەن لە كوشتاری دانیشتووانی سوننەی ئەو پارێزگایە.
بەپێی بڵاوكراوەیەكی رۆژنامەوانی نوسینگەی ئوسامە نوجێفی كە دوای كۆبوونەوە لەگەڵ عامر مەجمەعی پارێزگاری دیالە بڵاو كراوەتەوە “مەجمەعی جەختی كردۆتەوە كە هەندێك لە دەزگا ئەمنییەكان و میلیشیاكانی سەر بە حەشدی شەعبی هەستاون بە كوشتن و كۆچپێكردن و ڕفاندنی خەڵكی بە پاڵنەری تایەفەگەری و لەپێناو دەستكەوتی ماددی و گۆڕینی نەخشەی دیمۆگرافی ناوچەكە”.
لە بڵاوكراوەكەدا هاتووە “مەجمەعی پۆلیس و میلیشیاكانی بەوە تاوانباركرد هەستاوون بە كوشتنی زیندانییەكانی دیالە”.
لە كۆتاییدا نوجێفی وتویەتی كە حكومەت و پەرلەمان بەدواداچوون بۆ ئەو حاڵەتانە دەكەن و توندترین سزای ئەوانە دەدەن كە لەو كارە نەگریسانەدا تێوەگلاوون