نەوزاد هادی: کردەوە تیرۆرستییەکە ورەی خەڵکی بەهێزتر کردووە
سەرۆکی پەرلەمان: بە پێکەوە کارکردن و تەبایی دەتوانین بەرپەرچی تیرۆرستان بدەینەوە
نوچەنێت – هەولێر:
سەرۆکی پەرلەمان،رایگەیاند،بە پێکەوە کارکردن و تەبایی دەتوانین بەرپەرچی تیرۆرستان بدەینەوە،پارێزگاری هەولێریش رایگەیاند، کردەوە تیرۆرستییەکە ورەی خەڵکی بەهێزتر کردووە.
بەپێ راگەیەنراوێكی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان كەوێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە”د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان،وتی:تیرۆرستان دەیانەوێت ترس و دڵەراوکێ بخەنە دڵی هاوڵاتییانەوە و ئارامی و ئاسایشی کوردستان تێک بدەن، بەڵام ئەوە خەونێکی نەزۆکە و ئیدی ماڵی کورد تەبایەو هەمومان پێکەوە دژ بە تیرۆرستان دەوەستینەوە، پێویستە هەمومان لەبەرامبەر ئەرک و فەرمانەکانماندا هەست بەرپرسیارانە بکەین“.
بەپێ راگەیەنراوەكە”ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانی سەردانێکیدا هات، کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٣ی نۆڤەمبەر بەیاوەری سکرتێری پەرلەمان سەردانی پارێزگاری هەولێریان کرد و لەلایەن نەوزاد هادی پارێزگار و تاهیر عەبدوڵڵا جێگیری پارێزگارەوە پێشوازیکران“.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكە هاتوە”لەسەرەتای دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان پرسە و سەرەخۆشی لە پارێزگاری هەولێر کرد بەبۆنەی کردەوە تیرۆرستییەکەی هەفتەی ڕابردوو، داواشی کرد لەمەودوا وردتر بین لەبەرامبەر پلانی تیرۆرستاندا، چونکە هەمو هەوڵی تیرۆرستان بۆ تێکدانی ئارامی و پێکەوە ژیانی هەرێمی کوردستانە“.
هەر بەپێ راگەیەنراوەكە”لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان، داوای لە پارێزگار و فراکسیۆنە جیاوازەکانی حکومەتی خۆجێیی هەولێر کرد پەلە بکەن لە رێکەوتن و بەگیانێکی پێکەوەیی و بەرپرسیارانە بگەنە ڕێکەوتن، بۆ ئەوەی هەمو لایەنەکان پێکەوە خزمەتی هاوڵاتیانی هەولێر بکەن و ڕێگە نەدەن تیرۆرستان ئەو دەرفەتە بقۆزەوە و درز بخەنە نێوانمانەوە“.
لەبەرانبەریشدا”نەوزاد هادی، سوپاسی سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانی کرد بۆ سەردانەکەیان، ئاماژەی بەوەکرد، وەک پارێزگار و سەرجەم لیستە براوەکانی نێو ئەنجومەنی پارێزگا لەهەوڵی دانوسانداین و بە هیوای ئەوەین لە ئایندەیەکی نزیکدا بگەینە رێکەوتن و هەمومان پێکەوە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بین“.
ئەوەش ئاشکراكراوە”لەبارەی رەوشی ئارامی و خزمەتگوزارییەکانیش، پارێزگاری هەولێر وتی: رۆژانە کاری خۆمان دەکەین و کردەوە تیرۆرستییەکە ورەی خەڵکی بەهێزتر کردووە و هەمولایەنەکان بێ جیاوازی هاوکاری سەرکەوتنی کارەکانمانن“.