مالكی باسی كەوتنی موسڵ دەكات:
“پێكهاتەیەكی عێراق دەیگوت داعش تەنیا شەڕی شیعە دەكات”
نوچەنێت-مەداپرێس
جێگری سەركۆماری عێراق دەڵێت ئەوەی لە موسڵ روویدا “رێككەوتنێكی سیاسی بوو”، دەشَڵیت یەكێك لە پێكهاتەكانی عێراق داوای كرد شەڕ لە دژی داعش نەكرێت، چونكە داعش شەڕی مالكی و شیعە دەكات، جەختیشی كردەوە 45%ی سوپای عێراق لە موسڵ رۆژێك بەر لە كەوتنی موسڵ لەو پارێزگایە كشابوونەوە، دەشڵێت ئەگەر ئەو ملیارە دۆلارەم بۆ خۆبەخشە شیعەكان تەرخان نەكردایە نە حكومەتی پێشوو دەبوو، نە ئەوەی ئێستا.
ئەمڕۆ شەممە نووری مالكی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا كە لە بارەگای ئەنجومەنی پارێزگای زیقاڕی شیعەنشین بەستی ووتی “سوپای عێراق لە موسڵ نەدۆڕا و هەرگیز داعش ناتوانێ شكست بە سوپای عێراق بهێنێ” ئەو جەختی كردەوە “ئەوەی روویدا خۆرادەستكردن بوو نەك جەنگان”.
لە درێژەی قسەكانیدا مالیكی وتی “رێككەوتنێكی سیاسی هەبوو لەنێوان چەند لایەنێكدا كە ژوورێكی عەمەلیاتی هاوبەشیان درووستكردبوو سوپای عێراقیان بە تایەفەگەر و شیعە و سەفەوی ناودەبرد” بێ ئاماژەكردنی راستەوخۆش ووتی “یەكێك لە پێكهاتەكان گشتاندنێكی بڵاوكردبووەوە و داوای دەكرد شەڕ لەدژی داعش نەكرێت چونكە داعش تەنیا بۆ شەڕكردن لەدژی مالكی و شیعە هاتوون”.
دەربارەی چۆنێتی كەوتنی موسڵیش ووتی “45%ی سوپا لە موسڵ رۆژێك بەر لە هاتنی داعش كشابوونەوە و 90%یش لەگەڵ هاتنی داعش كشانەوە” مالیكی ئاشكراشیكرد “لێپێچینەوەكان دەریان خست كۆمەڵێك ئەفسەر لەم رووداوانەدا تێوەگلاوون، سزای لەسێدارەدان بۆ هەندێكیان بڕاوەتەوە و هەندێكیشیان هەڵاتوون”.
دەربارەی ئەو پارە زۆرەش كە بۆ خۆبەخشە شیعەكان بەهەدەری داوە مالكی وتی “ئەگەر ئەو ملیارە دۆلارەم بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی سەرف نەكردایە، نە حكومەتی پێشوو بوونی دەبوو نە حكومەتی ئێستا”