مالكی رێگەی دابوو چەكە كیمیاییەكانی ئەسەد لە بەغدا بشاردرێنەوە

0

assad_al-Malikiمالكی رێگەی دابوو چەكە كیمیاییەكانی ئەسەد لە بەغدا بشاردرێنەوە

نوچەنێت-عەرەبی جەدید

بەرپرسێكی دیاری سەربازی عێراقی لە وەزارەتی بەرگری عێراقی بۆ “عەرەبی جەدید”ی ئاشكرا كردووە كە مانگی 11ی ساڵی رابردوو بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا پێشنیاری ئەوەی خستۆتە بەردەم مالیكی كە چەكە كیمیاییەكانی سوریا لە بەغدا بشارێنەوە هەتا تیمە پشكنەرە نێودەوڵەتییەكان پێی نەزانن و لە تەقاندنەوە و پوچەڵكردنەوە دەرباز ببن.
بەپێی سەرچاوەكە، مالیكی بە پێشنیارەكەی ئەسەد رازی بووە و بڕیاریداوە پرۆسەكە لەلایەن حاتەم مەكسوسی بەرپرسی دەزگای هەواڵگری سەربازی عێراقی و چەند كەسێكی تایبەتی ناو نوسینگەی مالیكی و لەناویاندا ئەحمەدی كوڕی نوری مالیكی جێبەجێ‌ بكرێت. شیاوی وتنە حاتەم مەكسوسی لە چەنج رۆژی رابردوودا لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە لەسەركار لابرا.
سەرچاوەكە تەئكیدی كردۆتەوە كە مالیكی رازی بووە چەكە كیمیاییەكانی ئەسەد بەشێوەیەكی كاتی بهێنرێنە بەغدا، بەڵام دڵنیا نییە لەوەی ئایا ب كردەیی چەكەكان هێنراونەتە بەغدا یان نا.
وەك سەرچاوە بڕواپێكراوەكە وتویەتی “كۆتایی مانگی 11ی ساڵی رابردوو ئەسەد شاندێكی باڵای ناردە بەغدا كە پێكهاتبوو لە عەقید محەممەد فازیل ئەفسەری باڵای هەواڵگری سووری و سێ‌ ئەفسەری دیكە. مالكیش چەند فەرماندەیەكی سەربازی عێراق نزیك لە خودی خۆی بانگهێشتكرد بۆ كۆبوونەوەكە، كە لە نووسینگەی خودی مالیكی لە ناوچەی سەوز بەسترا. لەو كۆبوونەوەیەد بڕیاردرا چەكەكان لەشێوەی پارچە و پاشماوەدا بگوازرێنەوە، نەوەك لەشێوەی چەكدا و بەدرێژیی شێوازی گواستنەوەكە دیاریكرا”.
لە درێژەی وتەكانیدا بەرپرسەكە وتوویەتی هەردوو بنكەی سەربازی موسەننا (ناوەندی بەغدا) و رەشید (باشووری بەغدا) دیاریكرابوون بۆ حەشاردانی چەكەكان، چونكە ئەو دوو بنكەیە هەم زۆر پتەو و پارێزراون و هەم ئەحمەدی كوڕی نووری مالیكی راستەوخۆ چاودێرییان دەكات. پێشبینیشی كردووە دوای لەسەركارلابردنی بەرپرسە سەربازییە نزیكەكان لە مالیكی لەلایەن عەبادییەوە وردەكاری زیاتر ئاشكرا ببن دەربارەی پەیوەندییە نهێنییەكان نوری مالیكی و بەشار ئەسەد لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی خەڵكی سووریاوە.
بەرپرسەكە دڵنیا نییە لەوەی چەكەكان بە فیعلی بۆ عێراق گواستراونەتەوە و ئێستا دوور لەچاوی پشكنەرە نێودەوڵەتییەكان ئەو چەكانە لە بەغدادن، یاخود تەگەرە كەوتۆتە رێگای گواستنەوەیان. چونكە مانگێك دوای ئەو رێككەوتنە و لە 28ی 12ی هەمان ساڵدا خۆپیشاندەرانی ئەنبار رێگەی سەرەكی زەمینیی عێراق-سوریایان كۆنترۆڵكرد. ئەسەد و مالكیش دەیانویست چەكەكان بە بارهەڵگری زەمینی بگوازرێنەوە، چونكە رێگای ئاسمانی سانسۆری زیاتری لەسەربوو و ئاسانتر بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی ئاشكرا دەبوو.
بەرپرسەكە وتویەتی مالیكی خزمەتێكی زۆری رژێمەكەی ئەسەدی كردووە و بابەتی ئەو چەكەكە كیمیاییانە تەنیا یەكێكن لە خزمەتەكان. مالیكی بەو كارانەی ئێرانی و رووسییەكانی تەواو خۆشحاڵكردبوو. هەروەك پێیوایە رەنگە ئاشكراكردنی تەواوی خزمەتەكانی مالكی بۆ ئەسەد پێویستی بە لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتیی بێت.
دەبێت بڵێین ئەسەد بە بەكارهێنانی مووشەكی هەڵگری كڵاوی كیمیایی كردەی كۆكوژی گەورەی دروستكرد، بەجۆرێك لە 21ی ئابی 2013 دا لە غۆتەی شەرقی دیمەشق و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان 1400 كەسی مەدەنی كوشت، هەر ئەوەش پاڵی بە ئەمریكاوە نا بژاردەی لێدانی سەربازی لە ئەسەد بخاتە بەرنامەوە، بەڵام لەوكاتەدا رووسەكان پێشنیارێكیان هێنا ئەویش لەناوبردنی چەكەكە كیمیایی و كۆمەڵكوژەكانی ئەسەد بوو لەلایەن یو ئێنەوە. ئاشكرابوونی ئەمكارەی مالیكی، ئەو دەخاتە بەردەم سزایەكی قورسی نێودەوڵەتییەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com