ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێک بڵاودەكاتەوە

0

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێک بڵاودەكاتەوەffffff1
نوچەنێت – هەولێر:
سەبارەت تەقینەوەکەى هەولێر،ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكدا بۆ رایگشتیی هەرێمی كوردستان،بڵاودەكاتەوە و رايدەگەێنێت، چاوەڕوانیمان لە گشت چین و توێژەكانی هەرێم زیاترە كە بە ئەركی نیشتمانیی خۆیان هەستن و بە چاوكراوەیی زیاترەوە ئاگاداری هەر سوچێكی گەرەك و شارو شارۆچكەكانمان بن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌به‌رده‌م پارێزگای‌ هه‌ولێر تەقیەوەو بەهۆیەوە 29 بریندار و 4 شەهیدی‌ لێكه‌وته‌وه.

ئەمەی خوارەوەش دە‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی:‌

راگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
دانیشتوانی خۆراگری پایتەختی هەرێم

بەداخەوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێكی دیكە دەستی رەشی تیرۆر گەیشەتە هەولێری پایتەختی هەرێم و بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە بەردەم بالەخانەی پارێزگای هەولێر ژمارەیەك لە برایانی پۆلیس و هاووڵاتییانمان شەهید و بریندار بوون.

ئەم كردەوە قیزەوەنە لە دوژمنێكی شكستخواردوو چاوەڕوانكراوە. برا پێشمەرگەكانمان لە بەرەكانی شەڕدا رۆژانە گورزی كوشندە لە تیرۆریستان دەوەشێنن و خەونەكانیان بۆ گەیشتن بە كوردستان لە گۆڕ دەنێن، بۆیە نائومێدانە پەنا بۆ كرداری لەمجۆرە دەبەن.

بەداخەوە وەك بۆمان روون بۆتەوە تیرۆریستان سود لەو ئاسانكارییانە وەردەگرن كە بۆ مامەلە لەگەل دانیشتوانی ناوچەكانی دیكەی عێراق لە هەرێمدا گیراوەتە بەر. ئەم رێكار و ئاسانكارییانە كەلێنی گەورەن و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی هەرێم. ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە پێویستی دەزانین كە هەم حكومەتی هەرێم و هەم هاووڵاتیانی خۆشەویست رەچاوی دۆخی ئاسایشی هەرێم بكەن و ئەو كۆسپ و لەمپەرانە نەهێلدرێن كە لەبەردەم رێكارە ئەمنییەكان دروستكراون.

لەم كات وساتەدا زیاتر لە هەمیشە خوازیاری هاوكاریی هاووڵاتیانی خۆشەویستمانین بۆ ئەوەی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانمان لە هەر جموجۆلێكی گوماناوی ئاگادار بكەنەوە. برایانتان لە ئاسایش و زێرەڤانی و پۆلیس وێرای ئەركی پاراستنی ناوخۆ، لە زۆربەی بەرەكانی جەنگدا شانبەشانی پێشمەرگە لە خزمەتدان، بۆیە چاوەڕوانیمان لە گشت چین و توێژەكانی هەرێم زیاترە كە بە ئەركی نیشتمانیی خۆیان هەستن و بە چاوكراوەیی زیاترەوە ئاگاداری هەر سوچێكی گەرەك و شارو شارۆچكەكانمان بن.

لێكۆلینەوە لە رووداوەكەی ئەمرۆ دەستی پێكردووە و بێگومان وەك هەمیشە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانەش راپێچی بەردەم دادگا دەكرێن و بە سزای شیاوی خۆیان دەگەن.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
19/11/2014

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com