سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان،لەسەر ڕەشنووسی دەستوور رێكەوتن
نوچەنێت – هەولیر:
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، لەسەر بابەتی (هەمواری ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان) کۆبوونەوە و دوای كۆبونەوەكەش رایانگەیاند،بڕیاریدا کە هەموان پێکەوە کار بکەین بۆ نووسینی دەستورێک کە سازانی نیشتمانی لەسەر بێت و هەمو لایەنەکان تێیدا براوەبن.
بەپێ راگەیەنراوێكی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان كەوێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە”ئەمڕۆ (١٨-١١-٢٠١٤) دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان،لە پەرلەمانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی (هەمواری ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان) کۆبوونەوە“.
بەپێ راگەیەنراوەكە لە كۆبونەوەكەدا”بەخۆشحاڵییەوە دیدگای هاوبەش و سازانی نیشتمانی لەسەر پرسی دەستوور زاڵبوو بەسەر کۆبوونەوەکەدا و هەموان کۆکبوون کە سەرەڕای ڕێزگرتن لە هەوڵ و کۆششەکانی ڕابردوو بۆ نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان،بەڵام لەمڕۆوە هەموان هەوڵ دەدەین بە دیدێکی کراوەوە بڕوانینە ئایندە و ململانێ سیاسیی و ئایدۆلۆژییەکان لەم پرسەدا وەلا بنێین“.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكە هاتوە”کۆبوونەوەکە بڕیاریدا کە هەموان پێکەوە کار بکەین بۆ نووسینی دەستورێک کە سازانی نیشتمانی لەسەر بێت و هەمو لایەنەکان تێیدا براوەبن، چونکە دەستور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە لەنێوان هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی گەلەکەمان. کۆبوونەوەکە بڕیاریدا کە هەوڵ و گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە بەردەوام دەبێت“.