پەرلەمان کوردستان : گۆڕینی سرودى ئەی ڕەقیب هێڵی سوورە
نوچەنێت – هەولیر:
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان،رایگەیاند،سروودی ئەی رەقیب بووەتە درووشمی یەکپارچەیی خاکی کوردستان، لەبەر ئەوە ئەو سروودە بۆ ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان هێڵی سوورە و سازشی لەسەر ناکەین.
بەپێ راگەیەنراوێكی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان كەوێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە”سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان،دەڵێت:سروودی ئەی رەقیب بووەتە درووشمی یەکپارچەیی خاکی کوردستان، کورد لە هەرچوار پارچەکەی کوردستان لەسەر چەندین شت جیاوازیمان هەیە، بەڵام لەسەر سروودی نەتەوەیی (ئەی رەقیب) هەمومان تەباین و پێمان وایە سرودێکی گرنگە بۆ نەتەوەکەمان، لەبەر ئەوە ئەو سروودە بۆ ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان هێڵی سوورە و سازشی لەسەر ناکەین”.
بەپێ راگەیەنراوەكە”ئەم وتانەی د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە میانی پێشوازیکردن بوو لە گرووپی بەرگری نەتەوەیی کوردستان کە ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس و نووسەر و هونەرمەند و چالاکوانی مەدەنی پێکهاتوون، کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە ١٨ی نۆڤەمبەر سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەلایەن د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و د.جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیکرا“.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكە هاتوە”لەسەرەتای دانیشتنەکەدا شاندەکە داوایان کرد لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد پارێزگاریی لە سروودی ئەی رەقیب بکەن و بە پڕۆژە یاسا ئەو سروودە بکەنە سروودێکی نەتەوەیی کورد،چونکە چەندین نەوەیە کورد یادەوەریی لەگەڵ سروودەکەدا هەیە“.
هەر بەپێ راگەیەنراوەكە”سەرۆکی پەرلەمان،دوای بەخێرهاتنی شاندەکە ئاماژەی بەوەدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەهەمان تێڕوانینی نەتەوەییەوە سەیری سرودی ئەی ڕەقیب دەکات، ئێستا لەپەرلەمان یاسایەک بۆ ئەو مەبەستە هەیە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوەو لە داهاتووشدا دەنگی لەسەر دەدرێت و سروودەکە وەک سرودێکی نەتەوەیی کورد دەناسرێنرێت“.