بزانە ژمارەی راستەقینەی چەكدارانی داعش چەندە؟
نوچەنێت-ئیندیپێندێنت
فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت ژمارەی چەكدارانی داعش چەند قاتی ئەوەیە كە دەزگا هەواڵگرییە بیانییەكان باسیان كردووە.
پێشووتر دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا (سی ئای ئەی) وتبووی ژمارەی چەكدارانی داعش 20 تا 31 هەزارە، هەواڵگریی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكاش وتبووی ژمارەیان 30 بۆ 40 هەزار كەسە.
بەڵام لە لێدوانێكدا كە رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بریتانی بڵاوی كردۆتەوە، فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم وتویەتی ئەو ژمارەیەی ئەو دەزگایانە دەیڵێن تەنیا چەكدارە پرۆفێشناڵە مەشقپێكراوەكانی داعشن، ئەگەر كۆی ژمارەی ئەوانە بڵێین كە لە ریزەكانی داعش دەجەنگێن دەتوانین بڵێین سەدان هەزار كەشن، چونكە لەو شوێنە عەرەبییانەی داعش كۆنترۆڵی كردوون ژمارەیەكی زۆری گەنجیان لەخۆیان كۆكردۆتەوە.
فوئاد حسێن پێیوایە ئێستا كۆی ژمارەی چەكدارانی داعش 200 هەزار كەسە و رووبەری ئەو خاكەش كە لەژیر دەستیاندایە بریتییە لە سێیەكی عێراق و سێیەكی سووریا و بە هەموویەوە هێندەی رووبەری بریتانیایان لەژێر دەستدایە و ژمارەی دانیشتوانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشیش 10 بۆ 12 ملیۆن كەسە.