یەكێتی : پارتی لیژنەیەکی پەرلەمانی لەدەست کورد دا
نوچەنێت:
بەهۆی ململانێ لەنێوان دوو کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر سەرۆکایەتیی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لەپەرلەمانی عێراق، کەسێکی شیعە دەبێتە سەرۆکی ئەو لیژنەیە و پەلەمانتارێكی یەكێتیش دەڵێت، دوو کاندیدی پارتی لیژنەیەکەیان لەدەست کورد دا.
بەپێی رێككەوتنی پێشوەختی لایەنەكانی نێو پەرلەمانی عێراق،پشكی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە لە لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان 14 لیژنەیە لە كۆی 26 لیژنە،هاوكات پشكی كورد لەو لیژنانە 5 لیژنەیە و پشكی سوننەش 4 لیژنەیە.
ئارێز عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق،بە رووداوی راگەیاندوە”لەبەرئەوەی لەگەڵ پارتی لەسەر سەرۆکایەتی لیژنەی نەوت و گاز نەگەیشتینە ئەنجام و زۆر داوامان لە پارتی کرد ئەو لیژنەیە بدات بە یەکێتی،بەڵام رازینەبوو و داوایکرد سەرۆکایەتی لیژنەکە بخرێتە هەڵبژاردن“.
ناوبراو راشیگەیاند”کە ئەو لە هەڵبژاردنەکەدا براوەبووە و بووەتە سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق“.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق،ئاشكراشی كرد”دوو کاندیدی پارتی لەسەر سەرۆکایەتی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە رێکنەکەوتن و لەئەنجامدا سەرۆکایەتی لیژنەکە خرایە دەنگدان و کەسێکی شیعە بووە سەرۆکی لیژنەکە،کەچی سەرۆکایەتیی لیژنەکە پشکی کوردبوو لەنێو کوردیشدا پشکی پارتی بوو“.