كه‌سوكاری شه‌هیدانی یه‌كێتی: پارتی له31 ئابه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر زه‌وییه‌كانماندا گرتووه،حزبەكەشمان بێ‌باك و خه‌مسارده
نوچەنێت:
كه‌سوكاری شه‌هیدان و پێشمه‌رگه دێرینه‌كان و كه‌م ئه‌ندامان و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی ی ن ك كه زیان لێكه‌وتوانی شه‌ڕی ناوخۆن،لە نامەیەكی كراوەدا كه ئاڕاسته‌ی جێگرانی سكرتێری گشتی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند كراوه رەخنەی توند لەحیزبەكەیان دەگرن و رایدەگەێنن،ئه‌وه‌ی زیاتر ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه ئه‌و بێباكی و خه‌مساردیه‌ی حزبه‌كه‌مانه،كه هیچ به دواداچوون و لێپێچینه‌وه‌یه‌ك له مافی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆی ناكات كە تاكو ئێستا له لایە پارتیەوە مافمان دەخورێت.
له بەشێكی نامه‌كەیاندا ئەوچینانەی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكەن”ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌ینه ڕوو ئه‌و ژماره شه‌هیدو پێشمه‌رگه‌ی دێرین و ئه‌ندام و لایه‌نگرانه‌ی یه‌كێتین كه له‌ساڵی 1994 و له‌ئیداره‌ی هاوبه‌ش و دوای ئه‌و ساڵه‌ش زه‌ویان پێدراوه له‌هه‌ولێر،به‌لام نه‌توانرا سوودی لێببین و پارتی دیموكراتی كوردستان له 31ئابه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتن و زۆرێكیان به‌سه‌ر ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆیاندا دابه‌شكرده‌وه“.
له‌به‌شێكی نامه‌كه‌دا ره‌خنه له‌حزبه‌كه‌ی خۆیان ده‌گرن و د‌ڵێن”ئه‌وه‌ی زیاتریش ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه ئه‌و بێباكی و خه‌مساردیه‌ی حزبه‌كه‌مانه،كه هیچ به دواداچوون و لێپێچینه‌وه‌یه‌ك له مافی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆی ناكات،كه‌چی له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو لیستێكی 83 كه‌سی،هه‌ڵبژێرراو له لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیه‌وه درایه پارتی و به زووی مافه‌كانیان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه،ده‌پرسین ئایا ئه‌وانه‌ی تریش یه‌كێـتی نین و زیان لێكه‌وتووی ده‌ستی پارتی نین؟ ئایا بۆ ده‌بێ مافی ئێمه پشتگوێ بخه‌ن و مافی هه‌نێك كه‌سی تر له ڕێگه‌ی واسیته‌وه وه‌رگرنه‌وه ؟“.
ئه‌مه‌ى خوارەوەش دەقی نامه‌كه‌یه:
نامه‌یه‌كی كراوه بۆ به‌رچاوی مه‌كته‌بی سیاسی ی ن ك
به‌ڕێزان جێگرانی سكرتێری گشتی ی ن ك
به‌رێزان ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ی ن ك
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ی ن ك
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی ی ن ك
وه‌ك لای هه‌موومان ئاشكرایه ماوه‌یه‌كی زۆره یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ڕێكه‌وتنێكی هه‌یه له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، كه به‌رێككه‌وتنی ستراتیژی ناسراوه، دیاره له‌پاش ئه‌و ڕێكه‌وتنه كوردستان ئارامی به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و هه‌نگاوی ئاوه‌دانی‌و ئاشته‌وایش باڵی به‌سه‌ر كوردستاندا كێشاوه‌و ئه‌و ڕێككه‌وتنه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسیش‌دا هه‌بووه.
ئه‌وه‌ی لێره‌وه ده‌مانه‌وێ بیخه‌ینه ڕوو ناوه‌ڕۆكی ڕێكه‌وتنه‌كه‌یه كه هه‌ندێك بڕگه‌ی سه‌باره‌ت به‌قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیان لێكه‌وتوانی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆیه‌و له ئه‌نجامیشدا بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و زیانانه لیژنه‌یه‌ك له هه‌ردوو حزب پێكهێنرا كه دواجار بووه به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌و كاری ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره ئیشكردنه له‌سه‌ر كه‌یسه‌كانی قه‌ره‌بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه ڕێكه‌وتنه‌كه نه‌گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه تاكو ئێستاش كه‌سوكاری شه‌هیدان كه له شه‌ڕی ناوخۆ زیانمه‌ند بوونه‌و زه‌ویان له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه داگیركراوه، بچێته بورای كرداری‌و شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌كان مافیان بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه، ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌ینه ڕوو ئه‌و ژماره شه‌هیدو پێشمه‌رگه‌ی دێرین‌و ئه‌ندام‌و لایه‌نگرانه‌ی یه‌كێتین كه له‌ساڵی 1994 و له‌ئیداره‌ی هاوبه‌ش‌و دوای ئه‌و ساڵه‌ش زه‌ویان پێدراوه له‌هه‌ولێر،به‌لام نه‌توانرا سوودی لێببین و پارتی دیموكراتی كوردستان له 31ئابه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتن و زۆرێكیان به‌سه‌ر ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆیاندا دابه‌شكرده‌وه.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كار كراوه و له ساڵی 2005 نێچیرڤان بارزانی به بڕیارێك كه واژۆی خۆی به‌سه‌ره‌وه‌یه و ئێستا لای دكتۆر محسین سه‌رۆكی لیژنه‌ی قه‌ره‌بوو له هه‌ولێر ئه‌و بڕیاره بوونی هه‌یه ، ئه‌و لیسته نزیكه‌ی 613 شه‌هید و پێشمه‌رگه‌ی دێرین و ئه‌ندام و لایه‌نگری ی ن ك له خۆ ده‌گرێت و به پێی بڕیاره‌كه‌ی ساڵی 2005 ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوایه ، ده‌بوایه له شوێنێكی شیاو به 250 مه‌تر زه‌وی له هه‌ولێر ئه‌و كه‌سانه قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه ، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش ئاگادار بین زه‌ویه‌كان ده‌ستنیشان كراون ، به‌لام به‌داخه‌وه تاكو ئێستا له لای پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستی ده‌ستیان پێ ده‌كرێت و دیزه به‌ده‌رخۆنه ده‌كرێن.
ئه‌وه‌ی زیاتریش ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه ئه‌و بێباكی و خه‌مساردیه‌ی حزبه‌كه‌مانه ، كه هیچ به دواداچوون و لێپێچینه‌وه‌یه‌ك له مافی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆی ناكات ، كه‌چی له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو لیستێكی 83 كه‌سی ، هه‌ڵبژێرراو له لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیه‌وه درایه پارتی و به زووی مافه‌كانیان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه ، ده‌پرسین ئایا ئه‌وانه‌ی تریش یه‌كێـتی نین و زیان لێكه‌وتووی ده‌ستی پارتی نین ؟ ئایا بۆ ده‌بێ مافی ئێمه پشتگوێ بخه‌ن و مافی هه‌نێك كه‌سی تر له ڕێگه‌ی واسیته‌وه وه‌رگرنه‌وه ؟ ئه‌م جۆره له كاركردنه ته‌واو نیگه‌رانی كردووین ، بۆیه داواتان لێ ده‌كه‌ین له داواكه‌مان بپێچنه‌وه و فشار له پارتی هاوپه‌یمان بكه‌ن كه مافی شه‌هیده‌كانی حزبه‌كه‌تان بده‌نه‌وه ، لیستی ناوه‌كان و بڕیاری قه‌ره‌بوكردنه‌وه و هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌كیش وا له هه‌ولێر لای لیژنه‌ی قه‌ره‌بوو و شاره‌وانی هه‌ولێر كه‌وتوه و كه‌س به‌لایدا ناچێت ، بۆیه دووباره داواده‌كه‌ین كه مافمان بۆ بگڕێنه‌وه ئه‌گینا هه‌موو ڕێگایه‌كی مه‌ده‌نی و شێوازه‌كانی گردبونه‌وه بۆ به‌رده‌می مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مان ده‌گرینه‌به‌ر .
18 -11-2014
تێبینی : ئه‌م نامه كراوه‌یه له لایه‌ن ، كه‌سوكاری شه‌هیدان – پێشمه‌رگه دێرینه‌كان – كه‌م ئه‌ندامان – ئه‌ندام و لایه‌نگرانی ی ن ك – كه سه‌رجه‌میان زیان لێكه‌وتوانی شه‌ڕی ناوخۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانن ده‌خه‌ینه به‌رچاوی حزبه‌كه‌مان .