بڕیارەكەی دادگاش نەیتوانی گۆڕان و یەكێتی ناچار بە ڕێكەوتن بكات لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی
نوچەنێت:
لە كاتێكدا دادگای كارگێری سلێمانی بە كراوەیی هێشتنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا لەماوەی 15 ڕۆژدا ئەو پرسە دەبێت یەكلا ببێتەوە بەڵام لەگەڵ نزیك بونەوەی وادەی كۆبونەوەی ئەنجومەن،هیشتا حزبەكان نەگەیشتونەتە ڕێكەوتن و ئەو پرسە وەك خۆی ماوەتەوە.
بڕیارە 25 ی ئەم مانگە ئەنجومەنی پارێزگا دوای دە جار دواخستنی كۆبونەوەكانی جارێكی تری كۆببێتەوە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو پۆستی پارێزگار.
مەهدی مەحمود،سەرۆكی لیستی خزمەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەسایتی فەرمی حیزبەكەی راگەیاندوە”ئێمە لەسەرەتاوە ئەو بڕیارەی دادگامان بە بڕیارێكی گونجاو زانیوەو بەلامانەوە جێگەی دەست خۆشی بوو،هەرچەندە دەبوو زوتر ئەو بڕیارەیی دەر بكردایە“.
وتیشی”تائێستا گۆڕان و یەكێتی نەگەیشتونەتە ڕێكەوتن و ئەم دواخستنانەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەو پەری بێ ماناكردنی هەڵبژاردن و دیموكراسیەو بێڕێزیكدرنە بەدەنگی هاوڵاتیان
ناوبراو ئاشكراشی دەكات”ئەو پرسە لەماوەی ڕابردوو درایە دەستی حزبە سیاسیەكان و ئەوانیش تائێستا باسیان نەكردوە“.
لەبارەی ڕەخنەكان لەسەر لیستی خزمەت بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە سەرۆكی لیستی خزمەت،ئاماژەی بەوە كردوە”گۆڕان و یەكێتی لەسەر پۆستی پارێزگار ڕێك ناكەون و ئیمە بە ئەندازەی كورسیەكانی خۆمان بەر پرسین“.