ناوەڕۆكی كۆبونەوەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا

0

ناوەڕۆكی كۆبونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكاsardan
نوچەنێت – هەولێر:
سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا،بە سەردانێكی لەناكاو گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سشەرۆكی هەرێم كۆبوەو لەكۆبونەوەكە تیشكیان خستە سەر سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و بەرز نرخێنراون و دووپاتیان كردەوە كە پێویستە بەغدا لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە جدی بێت و ئەرك و پابەندبوونەكانی جێبەجێ بكات.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کوردستان بڵاوی کردەوە”ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 15ـی 11ـی 2014 لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ مارتین دەمبسی سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك پلەدار و ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازیی سوپای ئەمەریكا پێكهاتبوون

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی”لە كۆبوونەوەكەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و فەریق شێروان و جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا سوپاسی بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بەوەی كە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان بە باشی بەڕێوە دەچێت و جەختیشی لەوە كردەوە كە هێزە هاوپەیمانەكان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و مەشقپێكردنیان و هەروەها وەشاندنی گورزی ئاسمانی لە تیرۆریستان لە هەر شوێنێك كە پێویست بكات“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و پێزانینی بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆردا هەبوو و سەرەخۆشیشی لە خانەوادە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا شەهید بوونە و گیانی خۆیان بەخت كردووە“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە،لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا ئەوەی دووپاتكردەوە”كە وڵاتەكەی و هێزە هاوپەیمانەكان لەشەڕی دژی داعشدا پشت بە ستراتیژییەكی هەمەلایەنەی ڕوون دەبەستێت. سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا ڕایگەیاند كە ئامانجی سەردانەكەیشی بۆ هەولێر لەنزیكەوە ئاگاداربوونە لە بارودۆخی مەیدانی و هەروەها گوێگرتنە لە پێشنیار و ئامۆژگاری و بۆچوونەكانی بارزانی لەبارەی چۆنییەتیی بەردەوامبوون لە لێدان و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش“.

هەروەها ئەوەیشی بە بارزانی ڕاگەیاند”كە هێزە هاوپەیمانەكان هەموو تێبینییەكانی هەرێمی كوردستان و پێداویستییەكانی پێشمەرگە بە جدی وەردەگرن و كار بۆ دابینكردنی دەكەن“.

لەبەرانبەریشدا”بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ مارتین دەمبسی و شاندی یاوەری كرد و سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ پاڵپشتی و ڕۆڵی ئەمەریكا و هاوپەیمانان دووپاتكردەوە كە هاوكارییەكانیان لە شەڕی دژی داعش كاریگەر بووە“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”بارزانی لە گوتەیەكدا بە وردی تیشكی خستە سەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و باسی لە چۆنییەتیی تێكشكانی تیرۆریستانی داعش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە كرد و ئاماژەی بەوەدا سەرباری ئەوەی هێزی پێشمەرگە ئابڵۆقەی لەسەر بوو، بە ئیمكانیاتێكی كەم توانی هێرشی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ڕابگرێت كە چەكی پێشكەوتوو و ئیمكانیاتی دوو دەوڵەتی كەوتبوو دەست“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی”بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە هێزی پێشمەرگە زۆر خێرا توانی هێرشی داعش ڕابگرێ و خۆی بكەوێتە هەڵوێستی هێرشبردن و لە زۆر شوێن تێكیانبشكێنن و دووپاتى كردەوە كە هەموو قوربانییەك دەدەین بۆ ئەوەی تیرۆریستان لە وڵاتی خۆمان وەدەربنێین و هەموو بستێكی كوردستان لە چنگی تیرۆریستان ئازاد دەكەین“.

ماڵپەڕەكە ئەوەی خستۆتەڕوو کە”لە درێژەی قسەكانیدا بارزانی هێمای بەوەدا كە شەڕی تیرۆر تەنیا ڕەهەندی سەربازی نییە بەڵكو پێویستە لەڕووی فكری و سیاسی و ئابووریشەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە. ئەوەیشی بە پێویست زانی كە هیچ پەناگەیەك نابێ لە عێراق و سووریا و هیچ شوێنێكی دی بۆ تیرۆریستان بمێنێت و دەستخۆشیشی لە هێزی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان كرد كە تا ئێستا تەنانەت یەك شوێنی مەدەنییش نەكراوەتە ئامانج و هەماهەنگی و هێرشەكان بە پڵانی ڕێكوپێك بەڕێوە دەچێت“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی”هەر لەم كۆبوونەوەیە چۆنییەتیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق خرایە بەر باس و هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە پێویستە بەغدا لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە جدی بێت و ئەرك و پابەندبوونەكانی جێبەجێ بكات و لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی بارودۆخی كۆبانێ و چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ كرا و هەردوولا جەختیان لەسەر پاراستنی كۆبانێ و پاڵپشتیكردنی ئەو هێزەی پێشمەرگە كردەوە كە ئێستا لە كۆبانێ بەشداری شەڕی دژی داعشن“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com