بارزانی و وەزیری نەوتی عێراق كۆبونەوە .. عادل عەبدولمەهدی دەستخۆشی لەهێزی پێشمەرگە دەکات
نوچەنێت – هەولێر:
لەکۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری نەوتی عێراق، تیشکخرایە سەركەوتنەكانی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی داعش، و باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری وزە و سیاسەتی نوێی عێراقدا کرا.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کوردستان بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی 11ـی 2014 لە سەلاحەدین،مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق كرد“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی”له دیدارەكەدا،سەرەتا وەزیری نەوتی عێراق خۆشحاڵی خۆی بۆ ڕەخسانی دەرفەتی ئەو دیدارە دەربڕی و دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورانەی لە بەرەکانی شەڕ دژی تیرۆریستان وەدەستیان هێناوە و هیوای خواست بە زووترین کات تیرۆریستان لە هەموو عێراق تێکبشکێندرێن و ئارامی بۆ وڵات بگەڕێتەوە“.
لەبەرانبەریشدا”بارزانی پیرۆزبایی لە عادل عەبدولمەهدی کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ناوەرکی قسەکانی بارزانی لەو دیدارەدا وا دەخاتەڕوو کە”تەئکیدی کردەوە کە تیرۆریستان لە بەرانبەر پێشمەرگەی کوردستان خۆیان پێ ڕاناگیرێ و هیچ بستێک لەخاکی کوردستان لەژێر دەستیاندا نامێنێتەوە و ئازاد دەکرێن، هیواشی خواست بە زووترین کات بە هەماهەنگی و هاوکاریی هەموولایەک تیرۆریستان لە هەموو شوێنێک تێکبشکێندرێن و بۆ ئەوەش پێویستە هەنگاوی کردەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی بگیرێتەبەر، چونکە ئەوە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش ئاسانتر دەکات“.
هەر لە دیدارەکەدا وەزیری نەوتی عێراق ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە بواری وزە و سیاسەتی نوێی عێراقی لە بواری نەوت بۆ بارزانی ڕوون کردەوە و بە وردی باسی ڕەوشی ئابووری و سیاسیی عێراقی کرد.
لەبەرانبەریشدا”بارزانی هیوای خواست بەرنامەی کاری وەزیری نەوتی عێراق هەنگاوێک بێت بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبواری وزەدا. هەردوولایش تهئكیدیان له سهر گرنگیی چالاككردنی دیالۆگی بنیاتنهری نێوان لایهنهكان كردهوه به مهبهستی دۆزینهوهی رێگه چارهی ریشهیی بۆ سهرجهم كێشهكان به پشت بهستن به دهستوور و ئهنجامی رێككهوتنهكانی نێوان هێز و لایهنه عیراقییهكان و شهراكهتی راستهقینه له بنیاتنانی وڵات و سهرخستنی پرۆسهی سیاسی و دیموكراتی له تهواوی عێراقدا“.