ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی یه‌كێتی به لێدوانه‌كانیان حزبه‌كه‌یان گۆشه‌گیر ده‌كه‌ن
فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل. تایبه‌ت به‌نوچه نێت
ئه‌و حزبه‌ی كه نزیكه‌ی چڵ ساڵ له گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان كێبركێی له‌سه‌ر بوون به‌هێزی یه‌كه‌م ده‌كرد، دوای چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری. ئێستا جۆرێك له ره‌فتاری سیاسی ده‌كات. كه زۆرجار جێگای پرسیاره. کە بۆچی ئه‌و حزبه‌ی كه له‌ئه‌ده‌بیاته‌كه‌ی خۆی، به‌حزبی شاخ و شار وه‌سف ده‌كرێت. ئێستا له‌گه‌ڵ پای گۆڕانكارییه‌كان هه‌ڵناكات. ئه‌و حزبه كه ئێستا له‌بازنه‌یه‌كی نێگه‌تیڤه‌وه ره‌فتاری سیاسی ده‌كات، پێشتر خه‌ونی سیاسی هه‌بووه و ئومێدی به‌جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی داوه. پێشتر په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی هه‌بووه و له‌ناوخۆ كارا بووه. به‌ڵام ئێستا له‌سیاسه‌تی ئیستفزازكردنه‌وه قه‌تیس بووه كه لێره‌دا ده‌مانه‌وێت قسه‌له‌سه‌ر ئه‌و وه‌سفە بكه‌ین كه بۆ یه‌كێتی به‌كاریده‌هێنین.
یه‌كێتی ناتوانێ وه‌ك (گۆڕان) رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بوون، ببینی
ئه‌وه‌ی ئێستا له‌راگه‌یاندنی یه‌كێتی ولێدوانی سیاسیه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت،جۆرێك خۆده‌رخستنه وه‌ك ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام ئایا یه‌كێتی ده‌توانێت ئه‌و رۆڵه ببینێت؟ ئایا ته‌نها جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر لێدوانی توند وره‌خنه‌گرتن، لاساییه‌كی ناواقعیانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نییه؟ كه به‌ماوه‌یه‌كی كورت خۆی به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی كوردی سه‌پاند؟ هه‌ڵبه‌ته هەڵبژاردنی رێگای ئۆپۆزسیۆن بوون، لەلایەن حزبێكەوە کە ناگاته ده‌سه‌ڵات، ئه‌وپه‌ڕی ته‌ندروستی سیاسه‌تكردنە، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ناكرێت ئۆپۆزسیۆنیش ئاكارێكی سیاسی په‌سه‌ندكراو ودروستی هه‌بێت؟ ئایا ناكرێت واقیعیانه تێڕوانینی بۆ ژینگه سیاسیه‌كه هه‌بێت؟ ئایا ئه‌و ره‌مزانه‌ی موماره‌سه‌ی ئه‌و وه‌زیفه‌یه ده‌كه‌ن كێن؟ به‌وردبوونه‌وه له‌و پرسیارانه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه كێشه له‌وه‌دانییه یه‌كێتی خۆی وه‌ك ره‌خنه‌گر له‌ده‌سه‌ڵات و وه‌ك جۆرێك له ئۆپۆزسیۆن بوون ده‌ربخات،( كه ناتوانرێت له‌هیچ فه‌رهه‌نگێكی سیاسی ئه‌و تایپه‌ی یه‌كێتی بخوێنیته‌وه). به‌ڵكو كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، به‌مشێوه‌یه موماره‌سه‌ی ئۆپۆزسیۆن ناكرێت و یه‌كێتی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه. به‌ڵكو کردار‌و گفتاری یەکێتی لەجێی ئەوە، زۆرجار له ئیستفزازكردن و خۆنمایشكردن ده‌رده‌كه‌وێت. كه دواتر له‌پره‌گرافه‌كانی دیكه دێینه‌وه سه‌ری.
ئه‌وه‌ی سه‌یری ره‌فتاری یه‌كێتی بكات، ده‌یان نموونه ده‌دۆزێته‌وه، كه سەلـمێنەری ئەوەیە، ئاكاره‌كانیان دژه به‌مێژووی خۆیان. لێره‌دا یه‌ك نموونه ده‌هێنینه‌وه، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌دیمانه‌یه‌كی كه‌ناڵی رووداو، فه‌رهاد سه‌نگاوی په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی باس له شه‌فافبوونی داهاتی نه‌وت ده‌كات و ده‌ڵێ” هه‌ر ئه‌و داهاته نییه به‌ڵكو بیست ساڵه، داهاتێكی زۆر دێته كوردستان، ده‌بێت بپرسیان ئه‌و داهاته چی لێهاتووه؟” (ئه‌مه‌مان به‌ناوه‌ڕۆك گواستووته‌وه نه‌وه‌ك پیت به‌پیت). به‌ر له‌هه‌موو شتێك ئه‌و پرسیاره ئه‌ركی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌یه. ئه‌و بۆیه نوێنه‌ری خه‌ڵكه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مجۆره پرسیارانه بكات و به‌دواداچوونی بۆ بكات؟ ته‌نانه‌ت مافی هه‌ر كه‌سێكی هه‌رێمی كوردستانه ئه‌و پرسیاره به راشكاوی بكات و به‌داوداچوونی بۆ بكات. به‌ڵام ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی، به‌یه‌ك پرسیار، رووبه‌رووی ره‌خنه ده‌بێته‌وه. کە ئەوەیە، ئایا یه‌كێتی بیستی ساڵی رابردوو له‌باشه و خراپه هاوپشكی ده‌سه‌ڵات نه‌بووه. یان خودی یەکێتی بۆخۆی دەسەڵات نەبووە، ئایا كه‌من ئه‌و راپۆرتانه‌ی له‌باری دیار نه‌مانی پاره‌كانی ئیداره‌ی سلێمانی كراوه. ده‌كرێت سه‌نگاوی ئه‌مه‌یان له‌بیر بكات. ئه‌مه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك داكۆكی كردن نییه له پارتی و حزبی دیكه. به‌ڵام ئەوەی كه بیست ساڵه كراوه، یه‌كێتیش هاوبه‌ش بووه چ له‌چوارچێوه‌ی رێكه‌وتنی ستراتیژی. چ له‌چوارچێوه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ بێت؟ ئه‌مه ته‌نها نموونه‌یه‌كی ساده‌یه. وه‌ك گوترا ده‌یان و سه‌دان نموونه‌ی دیكه هه‌یه، کەسەلێمێنەری رەخنەگرتنی بێ بنەمای سەرکردەو کادرەکانی ئەو حزبەیە. راستە پێشتر هه‌موو ئه‌و جۆره ره‌فتارانه گۆڕان ئه‌نجامی ده‌دا و بۆ گۆڕان سه‌ركه‌وتن بوو. بەڵام هەرگیز بۆ یەکێتی سەرکەوتن نابێ، بۆیه ده‌كرێت لێره‌دا چه‌ند به‌راوردێك له‌نێوان ره‌فتاری گۆڕان و یه‌كێتی بكه‌ین. گۆڕان كه خۆی راگەیاند، بارودۆخی كوردستان له‌رووی سیاسی وئه‌منییه‌وه ئارام بوو، هیچ قه‌یرانێك نه‌بوو. به‌ڵام بارودۆخی ئێستا بارودۆخی جەنگە، بوارێك نییه بۆ موزایه‌ده‌كردن به‌ناوی ره‌خنه‌گرتنه‌وه. جیاوازییه‌كی دیكه ئه‌وه‌یه گۆڕان وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وت مه‌ده‌نی و دوور له‌عه‌سكه‌رتاری ده‌ركه‌وت و به‌مه‌ش توانی حه‌ماس بۆ خه‌ڵك دروست بكات(جا هه‌ڵه‌بێت یان راست). به‌ڵام یه‌كێتی هێزی پێشمه‌رگه و دژه تیرۆری هه‌یه. كه ئه‌وه‌ی دووه‌میان هێزێكی زه‌به‌لاح و راهێنراو و به‌ئیمكانیه‌ته. گۆڕان وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری فراوان دوور له هه‌یكه‌لی رێكخستن ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام یه‌كێتی له بیرۆكراتیه‌ت و روتینی رێكخستن نقوم بووه، كه ئه‌م شێوازه به‌ر له‌هه‌موو كه‌سێك، زۆرێك له‌ئه‌ندام و لایه‌نگر و كادیری خۆی كردۆته قوربانی. خاڵێكی دیكه ئه‌وه‌یه رێبه‌ری گۆڕان كه له‌ناو یه‌كێتیش بووه. به‌رپرسیاریی حكومی وه‌رنه‌گرتووه، تاقی نه‌كراوه‌ته‌وه. هه‌ر به‌پێی ئه‌ده‌بیاتی یه‌كێتی له‌رابردوو، نه‌وشیراون وه‌ك كه‌سێكی سه‌رڕاست وێناكراوه(ئه‌مه نه‌وه‌ك به‌تێڕوانینی ئێمه) ئه‌مه‌ش وایکرد جۆرێك له‌كاریزمایی بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی دەربخات. كه‌چی له‌ناو یه‌كێتی له‌م قۆناغه‌دا كه‌سی یه‌كه‌م وته‌نانه‌ت كه‌سی دووه‌میش غیابی هه‌یه. مه‌به‌ست له‌كه‌سی یه‌كه‌م تاڵه‌بانییه وكه‌سی دووه‌میش ئه‌و كه‌سه‌یه كه ده‌كرا له‌شوێنی تاڵه‌بانی به‌رده‌وامی به‌و حیزبه بدات. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌رپرسه هه‌ره باڵاكانی ئه‌مرۆی یه‌كێتی له‌سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات تاقیكراونه‌ته‌وه. بۆ نموونه كوسره‌ت ره‌سول چه‌ندین جاری پۆستی گرنگی هه‌بووه. به‌رهه‌م ساڵح چه‌ندین پۆستی هه‌بووه. عومه‌ر فه‌تاح و ئه‌رسه‌لان و عیماد ئه‌حمه‌د و چه‌ندانی دیكه‌ش هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌یه. ئه‌مه‌ش واده‌كات مه‌یلی جه‌ماوه‌ر به‌لای ئه‌وكه‌سانه‌وه كه‌م بێت كاتێك ده‌یانه‌وێت بانگه‌شه بۆ ریفۆرم، گۆڕانخوازی و دادپه‌روه‌ری بكه‌ن.
قه‌تیس بوون له ئیستفزازكردن: كێ له‌ناو یه‌كێتی قسه ده‌كات؟
ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه گوترا ده‌كرێت، خاڵێكی نزیكبوونه‌وه بێت له كرۆكی بابه‌ته‌كه. به‌ڵام هێشتا پێویستی به‌روونكردنه‌وه‌ی زێتر هه‌یه. ده‌كرێت سه‌ره‌تا بپرسین كێ له ناو یه‌كێتی قسه ده‌كات؟ ئه‌مانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ناویان هات. له‌وه ده‌چێت ئیشتهای سیاسیان له‌ده‌ست دابێت. هۆكاری سه‌ره‌كیش په‌یوه‌ندی به‌كێشه ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتییه‌وه هه‌یه. هه‌روه‌ك گوتیشیمان مه‌رج نییه ئه‌وانه كه‌سانی سیاسی پێرفێكت بن. جیا له‌مه‌ش ئه‌مرۆ كه‌سانێک هه‌ن له‌ده‌وری بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و برایم ئه‌حمه‌د ده‌خولێنه‌وه. ئه‌مانه ئه‌مرۆ قسه‌كه‌ری یه‌كێتین. له‌وانه هێرۆ برایم ئه‌حمه‌د وقوباد تاڵه‌بانی و لاهور تاڵه‌بانی و شاناز برایم ئه‌حمه‌د. جگه‌له‌مانه‌ش چه‌ند سیاسیه‌كی دیكه قسه بۆ یه‌كێتی ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان له‌دوا ته‌مه‌نی سیاسی خۆیاندان و ماوه‌یه‌ك له گۆڕه‌پانی سیاسی یه‌كێتی وده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی دووربوون، یه‌كێك له‌وانه عادل موڕاده. هه‌ندێكی دیكه‌ش هه‌ر له‌ناو یه‌كێتی وه‌زیفه‌ی شه‌ڕی راگه‌یاندنیان هه‌بووه، بۆ نموونه سه‌عدی پیره. ئه‌و چیینه‌ی تر كه له‌ناو یه‌كێتی هاتونه‌ته پێشه‌وه قسه له‌سه‌ر یه‌كێتی ده‌كه‌ن و یه‌كێتی له‌سیاسه‌تی ئیستفزازكردن قه‌تیس ده‌كه‌ن، ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه گه‌نجانه‌ن كه دواجار هیچ ته‌فسیرێكیان بۆ نییه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه دوا موكافه‌ئه‌ی سیاسی له‌یه‌كێتی وه‌رده‌گرن و خۆیان وه‌ك دڵسۆزی یه‌كێتی نیشان ده‌ده‌ن. راستە ئێستا یه‌كێتی گه‌نج ده‌هێنێته پێشه‌وه، بەڵام ئەو جۆرە گەنجانەی بەدوای موکافەئەی سیاسییەوە، خەریک بە ئیستفزازکردنن لەجێی سیاسەتکردن، ده‌بوایه یەکێتی ئەگەر مەبەستی هێنانەپێشەوەی گەنجە بەشداری بڕیاری حزبەکەی بکردایە، نه‌وه‌ك ته‌نها لێدوانی نامه‌ئسولانه بۆ یه‌كێتی بدات. ئه‌وه‌ی رۆژانه چاوێكی خێرا بەهه‌واڵه‌كاندا بگێڕێت و لێدوانی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی یه‌كێتی بخوێنێته‌وه، له‌وه تێده‌گات، چییە لەناو ئەو هەموو قەیرانەدا قەیرانی زیاتر بۆ یەکێتی دروست دەکات و کاراکتەری دروستکردنی ئەو قەیرانانە کێن.
ئایا پارتی و گۆڕان گره‌و ده‌كه‌ن و یه‌كێتیش ئیستفزازیان ده‌كات؟
نموونه‌یه‌ك له‌لێدوانی ئه‌ندام په‌رله‌مانێك لێره‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه‌مان ده‌كاته‌وه. با ئه‌و لێدوانه‌ی عه‌بدولباری زێباری بخوێنینه‌وه ، كه له‌باره‌ی سه‌ردانی وه‌فدی یه‌كێتیه بۆلای نوری مالیكی. كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه ئه‌نجام درا. ئه‌و لێدوانه له‌زۆربه‌ی سایته عێراقییه‌كان به زمانی عه‌ره‌بی بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئێمه‌ش بۆ پێدانی رونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەم پرسە، ده‌یكه‌ن به‌كوردی. لێدوانێكی كورته به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێی وردبینه‌وه. له‌كرۆكی هه‌موو ئه‌و بابه‌ته ده‌گه‌ین. زێباری ده‌ڵێ سه‌ردانی وه‌فدی كوردستانی به‌نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، به‌ڵگه‌یه‌كه بۆ ئاره‌زوویه‌كی روون بۆ كۆتایی هێنان به مه‌له‌فه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و چه‌سپاندنی یه‌كریزی نیشتیمانی لەعێراق. دواتریش ده‌ڵێ” ئه‌مه‌ی ئه‌مرۆ وڵات له بارودۆخێكی موحریج پێیدا تێده‌په‌رێَت. پێویستی به رێكخستنی كۆششه‌كان و پێچانه‌وه‌ی لاپه‌ره‌ی رابردوو، و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌یه. كه له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانی بێت، هه‌موو كۆششه دڵسۆزه‌كان به‌رجه‌سته بكات بۆ رزگاركردنی وڵات له‌مه‌ترسی داعش” دواتریش به‌پێی دارشتنی هه‌واڵه عه‌ره‌بییه‌كه، زێباری روونی ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ” سه‌ردانی وه‌فدی كوردستانی، (مەبەستی شاندەکەی یەکێتی یە) زه‌ڕبه‌یه‌كه بۆ ئه‌وانه‌ی گره‌و له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی كێشه و قه‌یرانه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ده‌كه‌ن”.
لەلێدوانەی زێبارییەوە بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن دروست نه‌بێت، ده‌پرسین كێ گره‌و له‌سه‌رمانه‌وه‌ی كێشه‌كان ده‌كات؟ له‌لێدوانی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانە ئەوە ده‌رده‌كه‌وێت کەمەبەستی لایه‌نه‌كانی به‌غدا نییە، چونكه ئه‌وان شاندی کوردیی سه‌ردانی به‌غدایان كردووه، دەی ئەگەر مەبەست لەلایەنەکانی بەغدا نەبێت، یه‌كێتیش وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی كورد سه‌ردانیان بكات، دەبێ پرسین ئایا مەبەستی پارتی و گۆڕانە کە ئه‌مرۆ سیاسەتی هه‌رێمیان به‌ده‌سته‌وه‌یه؟
گریمان قسەی ئەو پەڕلەمانتارەیە و پارتی و گۆڕان، گره‌و له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هەولێر و به‌غدا ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئایا یه‌كێتی چۆن چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه ده‌كات؟ ئایا چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه بچیته لای مالیكی؟ مالیكی كه سه‌رۆك وه‌زیران بوو یه‌ك كێشه‌ی كوردی چاره‌سه‌ر نه‌كرد . ته‌نانه‌ت هیچ قازانجێكی بۆ عێراق نه‌بوو، ئه‌ی ئێستا چی بۆ كوردستان ده‌كات، كه جێگری سه‌رۆك كۆماره؟ باشە ئه‌گه‌ر وه‌فدی یه‌كێتی ده‌یه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، بۆ ناچێته لای سه‌رۆك كۆماره‌كه‌ی كه له‌حزبه‌كه‌ی خۆیه‌تی، بۆچی له‌لای جێگره‌كه‌ی ئه‌و ئاره‌زووه‌ی كورد ده‌رده‌خات؟ ئایا مالیكی ده‌سه‌ڵاتی زیاتره یان فوئاد مه‌عسوم؟
خاڵێكی دیكه زۆر عه‌جیبه، ئەوەیە کە سیاسی كورد ، یان حزبی كورد، یان ئه‌ندام په‌رله‌مان و به‌پرسێكی كورد، باس له یه‌كریزی نیشتیمانی عێراقی بكات !! سه‌یرتریش ئه‌وه‌یه که‌عێراق له‌سه‌ر گۆمی خوێنی عه‌لی و عومه‌ره‌كان بێت كه هه‌زار و چوارسه‌د ساڵ به‌ر له‌ئێستا گیانی به‌گیانی بوون، كه‌چی ئێستا خوێن به‌ناوی ئه‌وانه‌وه ده‌رژێت. تۆش بێیت باسی داخستنی رابردوو و كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بكه‌ی.
چون و نه‌چوون بۆ لای مالیكی و هه‌ر كه‌سێكی دیكه گرفت نییه. له‌وه تێده‌گه‌ین یه‌كێتی حزبێكی گه‌وره بووه و په‌یوه‌ندیه‌كی فراوانی هه‌بووه، سه‌ردان و په‌یوه‌ندی دروستكردنیشی ده‌بێت. بۆیه له‌و روانگه‌یه‌وه ده‌كرێت سه‌ردانی یه‌كێتی بۆ مالیكی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عێراق زۆر ئاسایی بێت. به‌ڵام كاتێك تەفسیرەکەی لەزاری پەڕلەمانتارەکەوە دەخوێنینەوە، تێدەگەین، سەردانەکە تەنها بۆ گەرمکردنەوەی پەیوەدنییەکان نییە، هێندەی بەشێکە لەسیاسەتی خۆ عەرزکردن، کردارێکە بۆ کەم بایەخ پێشاندانی ئەو قورسیەتە حزبییەی خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، چونکە وەک وتمان سەرکردەیەکی عێراقی کە لەدەسەڵاتدا هەبوو هیچ بۆ کورد نەکرد، دەبێ ئێستا لەدەرەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سوتانی کارتەکانی دەستی چی بۆ کورد پێ بێ ؟
لێرەداو لەبارەی سەردانەکەی مالیکی ەوە لەلایەن شاندی یەکێتی، خوێندنەوەکان جگە لەئەو تێگەشتنەی کە یەکێتی خەریک بەموزایەدەو سیاسەتی خۆ بچوککردنەوەیە، ئەو پرسیارەش دەوروژێنێت، تۆ بڵێی یەکێتی ئاگای لە پێگەی ئێستای مالیکی نەبێت و لەپێناو بوغزاندنی سیاسی بەرانبەرەکانی خۆی لەکوردستان ئەو سەردانەی نەکردبێت؟
ئیستفزازكردن: وه‌ك بكوژی روحی كاری سیاسی راسته‌قینه
ئەگەر بەخێرایی چاوێک بەهەڵوێست و هەنگاو و رووداوەکاندا بگێڕین، تێدەگەین لەم ماویەدامه‌سه‌له‌ی شه‌فافیه‌تی نه‌وت وسه‌ردانی مالیكی، تەنها بابه‌ت نەبوون بەدەست یەکێتی یەوە بۆئیستفزازكردنی بەرانبەرەکانی لەکوردستان، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك رووداوی گه‌رم له‌ناوچه‌كه روویداوو‌ە كه هەی داوەتە یەکێتی تا بیقۆزێتەوە، بۆ ستراتیژیەتی ئیستفزازکردن، له‌وانه مه‌سه‌له‌ی داعش و كێشه‌كانی نێوان کوردستان و به‌غدا، رزگاركردنی چه‌ند شوێنێك له‌ده‌ست داعش، مه‌سه‌له‌ی ئاواره‌كانی رۆژاوا، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیا، بابه‌تی كۆبانی و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه، كه‌یه‌كێتی هه‌ر به‌و ئاراستەیە كاری له‌سه‌ر كردوون. بەڵام هەموو ئەو ئیستفزازکردنەی یەکێتی، کە ئەو پێی وایە هۆکارێک دەبێ بۆ هەستانەوەی زیاتری جەماوەریی خۆی، بەهەموو پیوەرە سیاسییەکان، دوورە له‌كاری جدی سیاسی و زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌میش له‌و مامه‌ڵه‌یه خودی یه‌كێتی ده‌بێت و بەهۆیەوە زیاتر په‌راوێز ده‌بێـت.
ئەو تێگەشتنەش پێمان دەڵێت، دوای ئه‌و هەموو ئه‌زمونه سیاسیه‌ی خۆی، دەبوو یه‌كێتی له‌سه‌ر هه‌موو مێزه‌كانی گفتوگۆ ئاماده‌بووایه، نه‌وه‌ك لەجێی تێگەشتنی سیاسی، ئه‌ندام په‌رله‌مانێك، نوسەرێک، خزمێکی کەسی بەرپرس لەباڵی یەکەمی یەکێتی، له‌لێدوانێكی ناواقیعیدا گرژی سیاسی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه بۆ یەکێتی دروست بكات.
ئاخر كادیرێكی به‌ته‌مه‌نی پارتی، ده‌ڵێ” زۆرجار له‌نێوخۆمان وتومانه ته‌نانه‌ت له‌شه‌ڕی ناوخۆش، په‌یوه‌ندی نێوان تاڵه‌بانی و بارزانی نه‌پچراوه” ئه‌مه ئه‌گه‌ر واش نه‌بێت، تەعبیرە له‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌له هه‌موو حاڵه‌ته‌كان له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌بووه. بۆیه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ده‌یه‌وێت جددی بێت و بەشێک بێ لە ئایندەی کوردستان، ده‌بێت بچێته جه‌نگی دانوستاندنه‌كان. بۆ ئه‌وه‌ی له‌بریاری سیاسی کوردی‌دا به‌شداربێت. و نه‌هێڵێت ئه‌و قسه‌كه‌رانه یه‌كێتی له‌چوارچێوه‌ی ئیستفزازكردن قه‌تیس بكه‌ن.
ده‌كرا یه‌كێتی باشتر بووایه؟
ناشاردرێتەوە، یه‌كێتی جه‌ماوه‌ری كه‌م بۆته‌وه، یه‌كێتی كێشه‌ی ناوه‌خۆی هه‌یه. یه‌كێتی له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی كێشه‌ی هه‌یه. هه‌موو ئه‌مانه قه‌یران بوون رووبه‌رووی یه‌كێتی بویه‌وه. به‌ڵام یه‌كێتی شینەکردەوەو تێ‌یان نەگەشت. له‌بری ئه‌وه‌ی به‌په‌له بریار بدات، زۆر به‌خاوی بریاره چاره‌نووسسازه‌كان دواده‌خات، كه ئه‌مه‌ش رۆژ به‌رۆژ قه‌یرانه‌كانی یه‌كێتی قوڵتر ده‌كاته‌وه. بۆیه تا ئێستا هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ له چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی یه‌كێتی به‌دی ناكرێت. ئەویش بەهۆی ئەوەی ئه‌وانه‌ی ئه‌مرۆ له‌ناو یه‌كێتی بریار به‌ده‌ست و قسه‌كه‌رن. نازانن یان بەراورد ناکەن، یه‌كێتی له‌رابردوو چ سه‌نگێكی هه‌بووه و ئێستاش چۆنه؟
ئه‌گەرنا رەوایە، یه‌كێتی دونیایه‌ك په‌یوه‌ندی هه‌بووبێت، ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی له ئێران قه‌تیس بووبێت؟
پرسیاری جەوهەریش ئەوەیە ئایا یه‌كێتی به‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ی ئێستا هەیەتی ده‌توانێت سوود له‌پێگه و په‌یوه‌ندییه‌كانی رابردووی خۆی ببینێت، و زیندوویان بکاتەوە له خه‌مه‌تی خه‌ڵكی کوردستان؟
بەداخەوە بۆ وەڵامەکەش بە خوێندنەوەی هه‌موو ئه‌و حسیاباتە سیاسیانەی ئه‌مڕۆ لەگۆڕێیە، ئەوەیە کە کارکردن بۆ ئایندە له تێگه‌یشتنی یه‌كێتیدا به‌دی ناكرێت.