پەڕلەمانتارێکی یەکێتی : لەگەڵ ئەوەم نەوتی كوردستان لە رێگای حکومەتی عێراقەوە هەناردەبکرێت
دڵشاد هەرتەلی – تایبەت
ئەندامێکی پەڕلەمانی کوردستان، لەفراکسیۆنی یەکێتی، داوا دەکات، نەوتی کوردستان لەرێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە هەناردە بکرێت، بۆ ئەوەی قەیرانی موچەو کێشەی دەروونی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت، پێشی وایە، ئەگەر شاندی کوردستان بچێتە بەغدا و رونکردنەوە لەسەر هەناردەکردنی نەوت بدات، کێشەکان چارەسەر دەبن.
خهڵهف ئهحمهد ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی پرسی نەوتەوە، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت، دەڵێت”یەك قسەی عێراق هەیە كە مەنتیقی تێدایە و راستە، ئەویش ئەوەیە كە بتوانێت نەوتی هەرێمی كوردستان بفرۆشێت و داهاتەكەی بۆ خەڵك بێت و داوای ئەوە بكات كە لەنەوتی بەسرەش بەشداربێت، ئەمە قسەیەكی مەنتیقە، بەڵام وەڵام دانەوەی ئەمە دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ موناقەشەی بكرێت، چونكە كوردستانیش قسەیەكی مەنتیقیان هەیە، كە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار پارەی هەرێم قەرزە لەلای بەغدا، ئەگەر ئەوان(بەغدا) نیەت پاكن پێویستە سلفەیەكی یەك مانگی لەم پارەیە بنێرێت بۆ هەرێم”.
لەدوای سەرهەڵدانی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداوە، دەیان شاندنی باڵای حکومەتی کوردستان بۆ چارەسەری گرفتەکان سەردانی بەغدایان کرد، بەڵام کێشەکان بەچارەسەر نەگەشتن، هێشتاش ئەو پەڕلەمانتارەی یەکێتی، پێی وایە، چوونی شاندی کوردستان بۆ بەغدا کێشەکان چارەسەر دەکات، بەبڕوای ئەو”ئەگەر ئەو وەفدەی حكومەتی هەرێم بچێتە بەغدا رونكردنەوەی تەواو لەسەر هەناردەكردنی نەوت بدات، ئەوە كێشەكان بەرەوە چارەسەر دەڕۆن”.
هەر لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، خەڵەف ئەحمەد، بەئاراستەی نزیکبونەوەی حکومەتی کوردستان لەبەغدا، زیاتریش دەڵێت”ئێمە ئەگەر بتوانین بەشێوازێكی خێرا هەناردەكردنی نەوتی خۆمان بەرزبكەینەوە، ئەو داهاتەی نەوت كە هی خۆمانە و بەدەستمان دەگات لەماوەیەكی كورتدا ئەگەر تاكۆتایی سیاڵیش بخایەنێت، بتوانێت قەیرانی دارایمان چارەسەربکات، ئەوە لەگەڵ ئەوە نیم لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە نەوت بنێرین، بەڵام ئەگەر ئەم قەیرانە هەر بەردەوام بێت و موچە نەدرێت، کە كێشەی دەرونی زۆر لای خەڵك دروستکرددوە، لەگەڵ ئەوەم نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگای سۆمۆوە هەناردەبکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین پێداویستیەكانی خۆمان دابین بكەین”.