سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆك كۆماری عێراق تاوتوێی چەند پرسێك دەكەن
نوچەنێت – هەولێر:
لەکۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆك كۆماری عێراق، تیشکخرایە سەر بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و ناوچەكە و سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی داعش،هەروەها جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی پێویستە هەموو لایەك پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان بن.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کوردستان بڵاوی کردەوە” ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی 11ـی 2014 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە د. ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كرد“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی”لە دیدارەكەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”هەر لەم دیدارەدا پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی پێویستە هەموو لایەك پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان بن“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی تیرۆریستانی داعش زووتر تێكبشكێندرێن“.